هەواڵگری تورکیا لەگەڵ تەحریر شام کۆبووەوە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزەکانی دەزگای هەواڵگری تورکیا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لەگەڵ تەحریر شام بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی دژبەری تەحریر شام و دوایین پێشهاتەکانی باکوری سوریا ئەنجامدا.
دوای ڕاگەیاندنی وەزیری بەرگری تورکیا خەلوسی ئاکار سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی دەوریەی سەربازی هاوبەشی نێوان تورکیا و ڕووسیا لەسەر ڕێگای M4 لە ئیدلب، کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان هێزەکانی دەزگای هەواڵگری تورکیا و فەرماندەکانی تەحریر شام لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا بەڕێوەچوو.
لەم دیدارەدا کە مەیسرە ئەلجبوری یەکێک لە کەسانی نزیک لە ئەلجۆلانی و ئەفسەری باڵای ئەمنی تەحریر شام و ئەبو محەممەد ئەفسەری ئاسایشی گشتی تەحریر شام و چوار ئەفسەری هەواڵگری تورکیا ئامادەی بوون کە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند، و تێدا ئەو مەترسیانەی کە گروپە چەکدارەکانی دژبەری تەحریر شام بۆ تیمی دەوریەی هاوبەش دروستی دەکەن باس کران.
دوو مانگ لەمەوبەر دەزگای هەواڵگری تورکیا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هێزەکانی تەحریر شام ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیەدا هەواڵگری تورکیا لیستی هێزە بیانییەکانی جێگیر لە ئیدلب و دەوروبەری، جگە لە هێزەکانی سەر بە پارتی تورکستان پێگەیشت. بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی گفتوگۆکانی نێوان سوریا، تورکیا و ڕووسیا، هەروەها دەستپێکردنی دەورییە هاوبەشەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا لە پارێزگای ئیدلبی سوریا، پێدەچێت کۆبوونەوە و هەماهەنگییەکانی نێوان دەزگای هەواڵگریی تورکیا و تەحریر شامیش زیاتر ببێت.
شایانی باسە ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە سەرکردەی تەحریر شام لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە ناوی “لن نصالح” کاردانەوەی بەرامبەر بە هەوڵەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا و کۆبوونەوەی بەرپرسانی دوو وڵات لە مۆسکۆ نیشان دابوو. لەمبارەیەوە ئەلجۆلانی ڕایگەیاندبوو: دیدار و گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی حکومەتی سوریا و ڕووسیا لەگەڵ تورکیا لادانێکی مەترسیدارە لە ئامانجەکانی شۆڕشی سوریا، هەرچەشنە پلانێکی سازان ڕەتدەکەینەوە. لایەنگرانمان نابێ دڵتەنگ بن.
لێدوانەکان