دیداری وەزیری دەرەوەی ئیمارات لەگەڵ سەرۆکی سوریا لە دیمەشق
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و سەبارەت پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە گفتوگۆیان کرد.
عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا کۆبووەوە.
بەشار ئەسەد و عەبدوڵڵا بن زاید، باسیان لە هاوکارییەکانی ئێستای نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئەبوزەبی و دیمەشق کرد. لەم دیدارەدا ئال نەهیان پشتیوانی ئیماراتی بۆ چارەسەری سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکانی سوریا ڕاگەیاند.
ئەمە دووەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئیماراتە بۆ سوریا لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا. ئەم سەردانە چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان ڕووسیا، تورکیا و سوریا لە مۆسکۆ ئەنجام درا.
شایانی باسە لە ١٨ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دوای ١١ ساڵ سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لێدوانەکان