ئۆپەراسیۆنی مووشەکی ڕووسیا بۆسەر دامەزراوەکانی وزە و سیستەمەکانی بەرگری ئۆکرانیا + وێنەکان
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سوپای ڕووسیا بە دەیان مووشەکی کروز هێرشی توندی کردە سەر دامەزراوەکانی وزە و سیستەمەکانی بەرگری سوپای ئۆکرانیا.
دوای هێرشی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی مووشەکی و ئاسمانی سوپای ڕووسیا لە هێرشێکی دیکەی بەرفراواندا، بە مووشەکی کروز هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی وزە و سیستەمەکانی بەرگریی سوپای ئۆکرانیا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە. لەم هێرشەدا ڕووسەکان سەرەتا بۆ دۆزینەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی سوپای ئۆکرانیا، چەندین مووشەکیان ئاراستەی دامەزراوە وزەییەکان کرد و دواتر سیستەمەکانی بەرگری ئۆکرانیایان کردە ئامانج.
لەم هێرشەدا، دامەزراوەکانی وزە و پێگە بەرگرییەکانی سوپای ئۆکرانیا لە شارەکانی کیێڤ، ئۆدێسا، سامی، ڤینیتسیا، خارکیڤ، لڤیڤ، تێرنۆپیل، میکۆلایڤ و پۆلتاڤا کرایە ئامانج. بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لەم هێرشە مووشەکییانەدا، چوار تەقینەوە لە ناوچەکانی گلوسیڤسکی و دارنیتسکی و سیستەمێکی بەرگری ئێس ٣٠٠ لە کیێڤ، پێنج تەقینەوە لە ناوچەی ئەلێکساندروکا، بارەگای لیوای ١٦٠ و وێستگەیەکی کارەبا لە ئۆدێسا، پێنج تەقینەوە لە خارکیڤ، سێ تەقینەوە لە لڤیڤ، دوو تەقینەوە لە تێرنۆپیل، دوو تەقینەوە لە فڕۆکەخانە و وێستگەی کارەبای پۆلتاڤا و یەک تەقینەوە لە میکۆلایڤ ڕوویداوە و لە شارەکانی خمێلنیتسکی، ئیڤانۆ-فرانکیڤسک و چێرنیهیڤ، تەنها هۆشداریی لە هێرشی ئاسمانی دراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، تەقینەوە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکانی خێرسۆن و میکۆلایڤ ڕوویداوە، کە بەهۆی هێرشی موشەکهاوێژەکانی سوپای ڕووسیا بووە.
سوپای ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کۆی ٦٩ مووشەک کە ئاراستەی کراوە، توانیویەتی ٥٤ مووشەک لە ئاسمانی ناوچە جیاجیاکانی ئۆکرانیا تێکبشکێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا و مووشەکەکانی کروزی ڕووسیا، پاشماوەی مووشەکێکی سیستەمی بەرگری ئێس ٣٠٠ی ئۆکراینی لە ناوچەی گەرباچا لە باشووری ڕۆژئاوای بیلاڕووس کەوتووەتە خوارەوە.
پاشماوەی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگری ئۆکرانیا پێشتر و لە هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیا لە پارێزگای لوبلین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا و پارێزگای بریسینی لە باکووری مۆڵدۆڤا کەوتبووە خوارەوە، کە زیانی ماددی و گیانی لێکەوتبووەوە.
دوای هێرشی ئەم دواییەی ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەنگڵس لە پارێزگای ساراتۆڤ لە ڕووسیا، پێشبینی دەکرا وەڵامدانەوەی ڕووسیا زووتر لەمە ئەنجام بدرێت.
لێدوانەکان