چاوشئۆغڵو: لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوە لەگەڵ سووریا ئەنجام دەدرێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تیشک خستنە سەر ئەوەی وەک هەنگاوی دووەم بۆ قۆناغی داهاتوو لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوە لەگەڵ سووریا ئەنجام دەدرێت، گوتی: “بەڵام هێشتا رێککەوتی کۆبوونەوەکە دیار نییە. لەگەڵ ئەسەد لە ئاستی وەزیر یان لە ئاستی سیاسیی کۆبوونەوەمان ئەنجام نەداوە”.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئانادۆڵو، مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی کۆتایی ساڵ لە ئەنقەرە وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی دوێنێی نێوان تورکیا، رووسیا و سووریا بە ئاماژەدان بەوەی کە دەتوانێت بڵێت کۆبوونەوەیەکی بەسوود بووە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بۆ هێنانەدی سەقامگیری و ئاشتییەکی یەکجارەکی گرنگە هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەتی سووریا هەبێت و گوتی: “رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بۆسەر ئێمە هەڕەشەیە، بەڵام لە راستیدا لە ئێمە زیاتر هەڕەشەیە بۆسەر سووریا، چونکە ئەجێندایەکی جوداخوازانەی هەیە. هەماهەنگی لەگەڵ سووریا گرنگە بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران بەشێوەیەکی ئاسایشپارێزراو”.
مەولود چاوشئۆغڵو بە تیشک خستنە سەر ئەوەی وەک هەنگاوی دووەم بۆ قۆناغی داهاتوو لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت، گوتی: “بەڵام هێشتا رێککەوتی کۆبوونەوەکە دیار نییە. لەگەڵ ئەسەد لە ئاستی وەزیر یان لە ئاستی سیاسیی کۆبوونەوەمان ئەنجام نەداوە”.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لەلایەن وڵاتەکەیەوە کردەوە و گوتی: “حکومەتی سووریاش زۆر باش ئەو هەڕەشەیە دەبینێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێمە، تاکوو ئێستا هەماهەنگی کردەییمان نەبووە لەم بارەیەوە. ئەگەر بۆ داهاتوو زەمینەسازی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بێتە ئارا، دەکرێت لەو بەرەنگاربوونەوەیەدا پێکەوە جموجۆڵی هاوبەش ئەنجام بدەین. پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانمان و هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی سووریا بەربەست نییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.
چاوشئۆغڵو لە بەرامبەر لێدوانی حکومەتی سووریا لەسەر پێویستی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا گوتی: “ئێمەیش بە ئەوانمان گوتووە کە لەو شوێنانە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی لێن و بەهۆی ئەوەی ئەوان نەیانتوانیووە حوکمی ئەو ناوچانە بکەن، (هێزەکانیان) لەوێین. هەرکاتێک سەقامگیری سیاسیی لە سووریا بەدی هات و هەموو شتێک ئاسایی بووەوە، ئەو ناوچانە رادەستی سووریا دەکەینەوە. هاوشێوەی ئەوەی کە بەردەوام ئاماژەمان پێ داوە جەخت لەسەر گرنگیدانمان بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکڕیزی سیاسیی لە سووریا دەدەینەوە”.
گوتیشی: “حکومەتی سووریا دەیەوێت سووریاییەکان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، ئەمە لە لێدوانەکانیشدا بەدی دەکەین. گرنگە لە کاتی گەڕانەوەیاندا ئاسایشیان پارێزراو بێت. لەم ڕووەوە بەشداریکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش گرنگە. ئێمە لەئێستادا تەنها لە سەرەتای گفتوگۆکانمانداین”.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی سووریا رایگەیاند: “زۆر وڵات هەن کە پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکەن. کەسانێکیش هەن دژی ئەمەن، هەروەها کەسانێک هەن ئاواتەخوازن هەنگاوێکی بەرجەستە بنرێت”.
لێدوانەکان