پێشهاتەکانی ئاسیای ناوەڕاست، ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سیراجەدین مێهرەدین وەزیری دەرەوەی تاجیکستان لەگەڵ کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ڕەحیم ئاقاخان کوڕی کەریم ئاقاخان (ئیمامی تەریقەتی ئیسماعیلی) لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبووەوە و دوایین دۆخی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد.
ئەفغانستان:
١- کاپیسا:
لە ٨ی کانوونی یەکەم بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بۆ سەر بنکەی چەکدارانی تاڵیبان لە گوندی کەلالان لە شاری حێسەی یەکەم، ٩ چەکداری تاڵیبان کوژران و بریندار بوون.
٢- بەغلان:
لە ١١ی کانونی یەکەم، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان تاڵیبانی چەکدار و هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود لە گوندی شێش باند سەر لە شاری ئەندراب، ئەندامێکی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود کوژرا و ١١ کەسیش لەوانە سێ فەرماندەی مەیدانی بە ناوەکانی “سەنجار ئەندرابی”، “گۆڵ نورزاد ئەندرابی” و “ملا نازق ئەندرابی” لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکران.
٣- کابوڵ:
لە ٩ی کانونی یەکەمدا، گۆڵبدین حکمەتیار، سەرۆکی حزبی ئیسلامی ئەفغانستان، ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر بارەگاکانی حزبی ئیسلامی و مزگەوتی ئیمان لە هاووڵاتی تاجیکی راگەیاند. هەروەها حکمەتیار داوای لە هەوادارەکانی کرد کە ئامادەی شەڕێکی نوێ (پێدەچێت لەگەڵ تاجیکستان) بن.
٤- کۆنەر:
لە ٧ی کانونی یەکەم، چەکدارانی تاڵیبان لە سنوورەکانی شاری دانگام لەگەڵ پاسەوانانی سنووری پاکستان پێکدادانیان کرد. ململانێکان دوای ئەوە دەستی پێکرد کە هێزەکانی پاسەوانی سنووری پاکستان پلانیان دانا خاڵێکی ئەمنی لەسەر سنوورەکە دابمەزرێنن. تا ئێستا وردەکاریی زیانەکانی ئەم ململانێیە رانەگەیێنراوە.
٥- نەنگەرهار:
لە ١١ی کانونی یەکەم، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی هەواڵگریی تاڵیبان دژی حەشارگەیەکی داعش لە شاری جەلالئاباد، دوو ئەندامی داعش کوژران و ئەندامێکی دیکەش بریندار و دەستگیرکرا. هەروەها لەم ئۆپەراسیۆنەدا سێ چەکی کڵاشینکۆف و بڕێکی زۆر تەقەمەنی کەوتە دەستی تاڵیبان.
٦- دایکۆندی:
– لە ٨ی کانونی یەکەم بەهۆی هەڕەشەی چەکدارانی تاڵیبان، ١٦ خێزان لە بنەماڵە سەربازییەکانی حکومەتی پێشوو کە خەڵکی ڕەسەنی گوندەکانی نەرمەگ و میانە قول سەر شاری نیلین، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و بەرەو شاری بامیان ئاوارەبوون.
– لە ٩ی کانونی یەکەم، هێزە چەکدارەکانی هەواڵگری تاڵیبان زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی مەدەنییان لە گوندەکانی قۆچەنقی، تەگاب، نۆجۆک و شێخ میران بە تۆمەتی هەبوونی چەک و کارکردن لە حکومەتی پێشوو دەستگیرکرد.
٧- فەراهـ:
لە ٨ی کانونی یەکەم، بەهۆی تەقینەوەی هاوەن لە گوندی کاریز سەر بە شاری فەراهـ، پێنج ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
٨- لە ٨ی کانونی یەکەم، ڕۆزا ئاتونبایوا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ جێگری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان، نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی چاندن و بەرهەمهێنانی تلیاک و جۆرەکانی تری مادەی هۆشبەر لە ئەفغانستان دەربڕی. ڕۆزا ئاتونبایوا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ٨٥%ی تلیاکی جیهان لە ئەفغانستان بەرهەمدەهێنرێت و پێویستە تاڵیبان ڕێگری لە چاندن و بەرهەمهێنان و قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە بکات.
تاجیکستان:
١- لە ١٠ی کانونی یەکەم، سیراجەدین مێهرەدین، وەزیری دەرەوەی تاجیکستان، لەگەڵ “ڕەحیم ئاقاخان” کوڕی کەریم ئاقاخان (ئیمامی تەریقەتی ئیسماعیلی) لە شاری پاریس دیدار و گفتوگۆی کرد. لەم دیدارەدا هەردوولا دۆخی ئێستای ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و فراوانکردنی چالاکییەکانی “دەزگای خێرخوازی ئاقاخان” لە تاجیکستانیان تاوتوێ کرد. دامەزراوەی ئاقاخان یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کە بە پاڵپشتی زایۆنیستەکان و لەژێر پەردەی چالاکیی مرۆیی لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست زۆر کەسی بۆ مەزهەبەکەی ڕاکێشاوە.
٢- وەزیری دەرەوەی تاجیکستان سیراجەدین مێهرەدین لەگەڵ کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەبارەت بە سەقامگیری لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و پشتیوانی لە دامەزراندنی ئاسایش لە سنوورەکانی تاجیکستان لەگەڵ ئەفغانستان گفتوگۆی کرد.
ئۆزبەکستان:
١- لە ٩ی کانونی یەکەم، زەهاویت بن هیلل باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئۆزبەکستان و دوکتۆر هایم کۆرن باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە میسر، لەگەڵ سدیق سەفایف، وەزیری پێشووی دەرەوە و سیاسەتمەداری ئۆزبەکستان، لە میانەی کۆنفرانسێک لە زانکۆی تاشکەند بۆ ئابووری و دیپلۆماسی جیهانی گفتوگۆیان کرد.
پاکستان:
١- خیبەر پختونخوا:
– لە ٧ی کانونی یەکەم، لەئەنجامی پێکدادان لە نێوان هێزەکانی تەحریکی (بزووتنەوەی) تاڵیبانی پاکستان و سوپای پاکستان لە ناوچەی دی خان لە وەزیرستانی باشوور، سێ چەکداری تەحریکی تاڵیبان کوژران.
– لە ٨ی کانونی یەکەم، چەکدارانی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) ئەفسەرێکی نهێنی یەکەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی ناوەندی پاکستانیان لە گوندی عەلی خێل شاکتۆ لە ناوچەی وەزیرستانی باشوور تیرۆر کرد.
– لە ٩ی کانونی یەکەم، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و هێزەکانی پاسەوانی سنووری پاکستان لە گوندی ڕەگزایی سەر بە قەزای وانا لە وەزیرستانی باشوور، دوو ئەفسەری هێزی سنووری پاکستان کوژران.
– لە ٩ی کانونی یەکەم، چەکدارانی گروپی “ئیتیحاد ەلموجاهدین خوراسان” سەربازێکی پاسەوانی سنووری پاکستانیان لەگەڵ کوڕەکەی گوللەباران کرد، دواتر سەریان بڕی و لە بازاڕی شاری بەنو هەڵیانواسی. ئەم گرووپە دژی حکوومەتی پاکستان چالاکە و لەم دواییانەدا بوونی خۆی ڕاگەیاندووە.
– لە ٩ی کانوونی یەکەم، لە ئەنجامی هێرشێکی لەناکاوی چەکدارانی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە گوندی تۆروام لە ناحیەی دێرە ئیسماعیل خان لە وەزیرستانی باشوور، دوو پۆلیسی پاکستانی کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو .
– لە ١٠ی کانونی یەکەم، لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنی دەزگای هەواڵگری ناوەندی پاکستان (CDI) دژی حەشارگەیەکی داعش لە ناوچەی غولامخانی وەزیرستانی باکوور، چوار ئەندامی داعش کوژران لەنێویاندا “محەممەد لەعیق” سەرکردەی داعش لە وەزیرستانی باکوور.
– لە ١٠ی کانونی یەکەم، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاوی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر بنکەی پۆلیسی پاکستان لە گوندی دوسلی تەحسیل لە ناوچەی وەرزیرستانی باکوور، چوار سەربازی پاکستان کوژران.
– لە ١١ی کانوونی یەکەم، قەناس بەدەستەکانی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی پاسەوانی سنووری پاکستان لە ناوچەی دی خان لە وەزیرستانی باشووری پاکستان سێ پاسەوانی سنووری پاکستان کوژران.
٢- بەلوچستان:
ئەندامانی تیرۆریستی سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLA) کەسێکیان بە ناوی “ئاقا وەلی” بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری پاکستان (ISI) لە ناوچەی نوشکی کوشت.
٣- لە ٧ی کانونی یەکەم، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕێککەوتنی حکومەتی ئەم وڵاتەی بۆ کڕینی نەوت و گاز لە ڕووسیا ڕاگەیاند.
٤- لە ٧ی کانونی یەکەم حکومەتی ئەمریکا ١٠ کۆمپانیای پاکستانی و ئیماراتی بە تۆمەتی “لاڕێدانی کەلوپەل بۆ چالاکییە ئەتۆمییە نەپارێزراوەکانی پاکستان” خستە لیستی ڕەشەوە.
٥- لە ٨ی کانونی یەکەمدا وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕەخنەی لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ١٠ کۆمپانیای پاکستانی پەیوەست بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە گرت.
لێدوانەکان