حەشدی شەعبی: هەموومان قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندسین
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پێنجەمین ساڵیادی سەرکەوتنی دژ بە داعش لە عێراق جەختی لەوە کردەوە کە دوژمنان بە نهێنی سەرقاڵی پیلانگێڕین و وتی کە هەموومان بۆ بەرگری لە وڵات قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندسین.
فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕۆژی یەک شەممە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی سەرکەوتنی بەرامبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعش لە عێراق، وتی: سەرکەوتنی عێراق لە دژی تیرۆریزم، مایەی شانازییە بۆ جیلەکانی داهاتوو.
ناوبراو وتی: سەرکەوتنی دژ بە تیرۆریزم مسۆگەر بووە، ئەنجامدەرانی ئەم سەرکەوتنەش شەهیدان و لە سەروی ئەوانەوە، فەرماندەکانی شەهیدی سەرکەوتن لە دژی داعشن.
فالح فەیاز بە ئاماژە بە پێکهێنانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژی تەنگانە و ئەو کاتەی کە عێراق ڕوبەڕوی کێشەی زۆر بوو، وتی: عێراق ئازادە و وەڵامی نەخێری بۆ زاڵبوونی بێگانەکان دەبێت، شەهیدان بە گیانفیدایی خۆیان دووبەرەکییان لە ناو برد و حەشدی شەعبی لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە ببێتە نموونەیەکی نیشتمانی.
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی وتی: لەم سەرکەوتنەدا سەرجەم عێراقییەکان پشکیان هەیە و ئەم دەسکەوتە گەورەیە پێویستی بە پاڵپشتی و پاراستن هەیە. دوژمنان ئێستا بە نهێنی سەرقاڵی پیلانگێڕی و چالاکین. سەرکەوتنی دژ بە تیرۆر یارمەتیدەری یەکڕیزی نیشتمانی دەبێت، پیلانی دژ بەم سەرکەوتنە لە ڕێگای جیاجیا و بە تێکدانی سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی دەبێت.
فەیاز وتی: حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنی بە زانیاری سیاسییە و ئەمەش تایبەتمەندی ئەم هێزەیە و بە پێشکەشکردنی شەهیدان خۆیی سەلماندووە، زانیاری بووەتە چەکێک کە حەشد لەو ڕێگایەوە دژی دوژمنانی خۆی و عێراق وەستاوەتەوە.
ناوبراو وتی: هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراق دەتوانن ئاسایشی وڵات بپارێزن، بەڵام گرنگترین بابەت لە ئێستادا پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە، دەبێت موڵەتی ئەوە بە حکومەتی نوێ بدرێت تا پرۆژەکانی لە بواری چاکسازی و گەشەی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکات.
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی وتی: سیستەمی سیاسیی عێراق بە پێی دەستوور و پشت بە دەنگی خەڵک دەبەستێت و دەبێت بەرگری لێ بکرێت، ئێمە وڵاتێکین بە میراتێکی گەورە و مێژوویەکی درەوشاوە و سەرچاوەیەکی سرووشتیی زۆر، بەڵام هێشتا چەندین کێشە و گرفتی گەورەشمان هەیە.
فالح فەیاز لە کۆتاییدا وتی: لەم مینبەرەوە دەستپێکردنی وەرزی سەروەری و شەهیدبوون ڕادەگەێنین، فەرماندەکانی شەهید بوونەتە چقڵی چاوی دوژمنان، هەموومان بۆ بەرگری لەم وڵاتە قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندسین.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە ٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ ئازادکردنی خاکی وڵاتەکەیی لە ژێر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش ڕاگەیاند و بەو بۆنەوە ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەم کراوەتە ڕۆژی سەرکەوتن و عێراقییەکان هەموو ساڵێک ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.
جام کوردی
لێدوانەکان