بۆچی پێویستە ئیسرائیل پشتگیری لە دروستکردنی ڕێڕەوی ناوەڕاست (تورکیا-چین) بکات؟

شەممە 10 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 15:48
https://kurdish.iswnews.com/?p=20450

سیاسەتمەداران و شرۆڤەکارانی ئیسرائیل پێیان وایە کە پێویستە دەسەڵاتدارانی ئەم ڕژێمە پشتیوانی لە دروستکردنی کۆریدۆری ناوەڕاست بکەن، چونکە فراوانکردنی ئەم کۆریدۆرە جگە لە ئەوروپا و وڵاتانی تورک زمان یارمەتی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیش دەدات. جگە لە قازانجی ئابووری، یارمەتیدان بۆ دروستکردنی ئەم کۆریدۆرە زۆر کاریگەر دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنی هاوبەشیان کە ئێرانە.

ئەیوب قەرا، سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەندامی پارتی لیکود لە وەڵامدا دەڵێت؛
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی دامەزراندنی ڕێڕەوی ناوەڕاست لەلایەن حکومەتەکانی کۆماری ئازەربایجان، جۆرجیا، تورکیا و کازاخستانەوە، وەزارەتەکانی دەرەوە و گواستنەوەی ئەو وڵاتانە بڕیاریاندا کە ڕێگاکانی گواستنەوەی خێرا وەک ڕێڕەوی شەمەندەفەر و دەریایی کە چین بە ئەوروپا دەبەستێتەوە، دابمەزرێنن. ئەم کۆریدۆرە (رێڕەو) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چینەوە دەست پێدەکات و بە کازاخستان و دەریای قەزوین و ئازەربایجان و جۆرجیا و تورکیادا تێدەپەڕێت و دواتر دەگاتە باشوور و ناوەڕاستی ئەوروپا. ئەم ڕێگایە ڕێگە دەدات شەمەندەفەرە بارهەڵگرەکان لە چینەوە لە ماوەی ٢٠ بۆ ٢٥ ڕۆژدا بگەنە ئەوروپا، بەمەش یارمەتی زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاوریشمی پێشوو دەدات.

ناوبراو دەڵێت: من وەک وەزیرێکی پێشووی ئیسرائیل پێموایە پێویستە ئیسرائیل پشتگیری لە دروستکردنی ڕێڕەوی ناوەڕاست بکات، چونکە فراوانکردنی ئەم ڕێڕەوە یارمەتی ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەدات بۆ بەهێزکردنی “پەیمانی ئیبراهیم”.
تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ڕۆژئاوای ئاسیا) لە سەردەمی حکومەتی عوسمانیدا بە شەمەندەفەر بەیەکەوە بەسترابووەوە، کۆمەڵێک پاشماوەی ئەم سیستەمە شەمەندەفەرە سەرسوڕهێنەرە لە ئیسرائیلدا هەیە، لەوانە وێستگەی شەمەندەفەری عوسمانی لە بئرسەبع و یافا و ئۆرشەلیم (قودسی داگیرکراو). ئەم وێستگانەی شەمەندەفەری عوسمانی هێمای مێژوویی سەردەمێکی ڕابردوون کە گەشتی شەمەندەفەر لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ڕۆژئاوای ئاسیا)دا دەکرا. شەمەندەفەرەکانی سەردەمی عوسمانی لە یافاوە دەچوونە ئورشەلیم (قودسی داگیرکراو) و حەیفا و ناوچەکانی تری ئیمپراتۆریەتی تورکیای عوسمانی پێشوو وەک مەدینە و دیمەشق.
بەڵام لەوەتەی ئیسرائیل سەربەخۆیی ڕاگەیەندراوە، هیچ گەشتێکی شەمەندەفەر لە نێوان ئیسرائیل و جیهانی عەرەبیدا ڕووینەداوە، ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.
بەڵام دوای ڕێککەوتنی ئیبراهیم، ​​هەموو ئەم بابەتانە توانای گۆڕانیان هەیە، چونکە وڵاتانی عەرەبی چیتر ئیسرائیل وەک دوژمن نابینن، جگە لەوەش وڵاتانی کەنداوی فارس ئێستا ئیسرائیل وەک هاوبەشێک لە دژی ئێران دەبینن، بە هەمان شێوە کۆمارەکانی تورک، وەک ئازەربایجان، کە لەم دواییەدا دژایەتی خۆی لەگەڵ ئێران بە هەڵسوکەوتەکانی ڕاگەیاندووە.
بۆیە ئەگەر ئەم کۆریدۆرە دروست بکرێت، ئێمەی ئیسرائیلیش دەتوانین هەوڵی پەیوەندیکردن بەوەوە بدەین، چونکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مەلاکان (حکومەتی ئێران) لە تاران بە دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر لە نێوان کۆماری تورکیا و ئیسرائیل و جیهانی عەرەبیدا. دەتوانین لە ڕێگەی تورکیاوە بە کەشتی بگەینە ئەم رێڕەوە و دواتر لەوێشەوە کۆمەڵە شەمەندەفەرێکی ترمان هەیە کە لە ئیسرائیلەوە بەرەو ئوردن و سعودیە و لەوێشەوە بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەڕۆن. لە سەردەمی ئێمەدا ئەمە دەکرێت.
ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین، کۆماری تورکیا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: ئیسرائیل و سعودیە و ئوردن لە ڕابردووەوە دەزانن کە پێویستە ڕێگای شەمەندەفەریان هەبێت بۆ بەستنەوەی ئیسرائیل بە وڵاتانی کەنداوی فارسەوە، ئەوان باسی ئەم بابەتە دەکەن و بەردەوام بیری لێدەکەنەوە. بە بارهەڵگر و بە کۆنتێنەر کە من ڕێکم خستووە کار دەکەن، بە شێوەیەک کە کۆنتێنەرەکان لە ئەبوزەبیەوە دەهێننە ئیسرائیل و ڕێگاکەش بە سعودیە، پاشان ئوردن بۆ حەیفا دەبێت. واتە دەتوانین شەمەندەفەرمان هەبێت کە لە ئەوروپاوە بچێتە تورکیا و لەوێشەوە کەشتیەکان بتوانن بچنە حەیفا و لە حەیفاوە بۆ ئوردن و سعودیە و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی کەنداوی فارس و هەروەها بەپێچەوانەوە.
من ئێستا لە بولگاریام بۆ ئەوەی ئاسانکاری ئەم پەیوەندییە تاوتوێ بکەم و دوای ئەوە، دەتوانرێت ڕێککەوتنی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل بە هێڵی شەمەندەفەرێکی نوێی وەک ئەوەی لەگەڵ حیجاز لە سەردەمی عوسمانیدا دەست پێبکات. خەڵکی حیجاز دەیانەوێت ئەمە دووبارە بکەنەوە. ئەمەش لە بەرنامەی پەیمانی ئەبراهامدا (ئیبراهیم) بەردەستە و لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت.

ئەیوب قەرا، سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەندامی پارتی لیکود

تێبینی:
ساڵانێکی زۆرە ئیسرائیل بە شێواز و مۆدێلی جیاواز هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندی قووڵ لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست دەدات. بۆ نموونه پێوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ کازاخستان له بوارەکانی سەڕبازی، ئەمنی و ووزه دا زۆر به هێز بووه و له ماوەی ڕابردووشدا چەندین سەردان لە ئاستی باڵادا له نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و کازاخستاندا هەبووه.

لە وڵاتێکی وەک ئۆزبەکستان، بوونی “کۆمەڵگەیەکی گەورەی جولەکە بە ڕەچەڵەک تاجیکی خەڵکی بوخارا” بۆ ئیسرائیل زۆر گرنگە و هەمیشە هەوڵیان داوە کاریگەرییان لەسەر دروست بکەن و کار لەسەر ئەوان و لە ڕێگەی ئەوانەوە لە ئاسیای ناوەڕاستدا دروست بکەن.

جێی ئاماژەیە ئیسرائیل پەیوەندی نهێنی زیاتری لە تاجیکستان هەبووە و بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم پەیوەندییە، یارمەتیدانی حکومەتی ئەم وڵاتە بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنی گروپە ئیسلامییەکانی نزیک لە ئێران لە تاجیکستان بووە، کە لە ئەنجامدا دەتوانێت لەگەڵ کاریگەری و پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم کۆمەڵگایانە کێبڕکێ و بەسەریاندا زاڵ بێت.

ئێستا بەهۆی ئەو هەستیارییەی لەسەر وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست دروست بووە، شاهیدی ئامادەبوون و ڕۆڵی بەهێزی وڵاتانی جیاواز لە پێشهاتەکانی ئەم ناوچە جوگرافییەداین. چالاکی و نفوزی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی کەنداوی فارس و به تایبەتی سعودیه له چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر سەڕنجڕاکێش بووه و ئێستا تورکیاش به ئامرازی جۆراوجۆر نفوز و دەسەڵاتی خۆی لەم ناوچەیەدا نیشان دەدات.
یەکێک لە دەستپێشخەرییەکانی تورکیا لەم ناوچەیەدا دروستکردن و کارپێکردنی “رێڕەوی ناوەڕاست”ـە، کە سەرنجی وڵاتانی دیکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لەلایەن ئەوروپییەکان و ئەمریکاوە پێشوازییەکی جددی لێکراوە.

بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی ئیسرائیل بە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، چ لە ڕوانگەی سەرچاوەی پێویست و چ لە ڕووی پێناسەکردنی گۆڕەپانێکی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها کاریگەریی ئەم ڕژیمە لە ناوچەکەدا، بە تایبەت لە ئازەربایجان کە یەکێکە لە گرنگترین وڵاتانی پشت پلانی “رێڕەوی ناوەڕاست”، هەوڵی ئەم ڕژێمە بۆ دۆزینەوەی هەر پەیوەندییەک بەم پلانە بە تەواوی دیارە.
ئێستا بەگوێرەی قسەکانی ئەیوب قەرا، وەزیری پێشووی پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ئاسانترە بڵێین ئەم پلانە لە بنەڕەتدا بۆ دابڕانی ڕووسیا و ئێرانە لە رێڕەوی ئابووریی ئەم ناوچەیە.
لە لایەکی دیکەوە ئەوەی بۆ چین لە بواری دیپلۆماسی دەرەوەدا گرنگە، پاراستنی دەسەڵاتی ئابووری، هەناردەکردن و بازاڕی بەرهەمەکانی بێت و بە تەواوی دیارە کە چین لەگەڵ پلانی ڕێڕەوی ناوەڕاستدا بێت.
هەرچەند توانای ئەم ڕێڕەوە و هەروەها جێبەجێکردنی ئەم پلانە بە پێی لێدوانی بەشێک لە شارەزایان تاڕادەیەک جێگای مشتومڕە، بەڵام ئەم هەوڵانە دەتوانرێت وەک زەنگێکی جددی بۆ پێگەی ڕووسیا و ئێران لە ناوچەکەدا هەژمار بکرێن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *