پێشهاتەکانی ئۆکرانیا، ٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢

هه‌ینی 9 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 09:50
https://kurdish.iswnews.com/?p=20406

لیوا ئەلێکساندەر فۆمین، جێگری وەزیری بەرگریی ڕووسیا بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکان گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

١- دۆنێتسک:
– لە ٥ی کانونی یەکەمدا سوپای ڕووسیا لە خولێکی نوێی هێرشەکاندا ناوچەکانی ئەڤدییۆکا و باخموتی بە چڕی بۆردومان کرد. هەروەها شەڕی زەمینی بەشێوەیەکی ناو بە ناو ڕوودەدات و میدیاکانی ڕووسیا چەند هەواڵێکیان لەسەر ئامادەکارییەکانی ڕووسیا بۆ هێرشی قورس بۆ سەر باخموت بڵاوکردووەتەوە. ئەم میدیایانە هەروەها رایانگەیاندووە کە لە شەڕەکانی ئەم دواییەی باخموت، سوپای ڕووسیا کەتیبەیەکی هێزەکانی ئۆکراینی لەناوبردووە کە لە چەکدارانی ئۆکراینی و خۆبەخشانی جۆرجیا پێکهاتبوون.

– لە ٧ی کانوونی یەکەم، لە ئەنجامی هێرشە تۆپخانەیی و مووشەکییەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەکانی گۆرلیوکا، گرادامی و ڤۆرۆشیلۆڤسکی لە ناوەندی شاری دۆنێتسک، لانیکەم ٨ کەس لە نێویاندا جێگری ئەنجومەنی گەلی دۆنێتسک (DPR) کوژران و زیاتریش لە ٢٠ کەس بریندار بوون.

– لە ٧ی کانونی یەکەم، سوپای ڕووسیا لە درێژەی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکووری پارێزگای دۆنێتسک، ناوچەی یاکولیوکای لە میحوەری باکووری شارۆچکەی سۆلدار کۆنتڕۆڵ کرد. پێشڕەوی لەم میحوەرەدا دەبێتە هۆی کشانەوەی ئۆکراینییەکان لە سۆڵدار و لاوازبوونی پێگەکانیان لە باخموت.

– لە ٧ی کانونی یەکەم، تۆپخانەکانی سوپای ڕووسیا هێرشیان کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە شارۆچکەی تۆرتسک. ئەم شارۆچکەیە ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی هێڵەکانی ئۆکراینیەکان لەم میحوەرەدا دەگێڕێت (بەتایبەت لە ڕێگریکردن لە پێشڕەوی ڕووسەکان لە ناوچەکانی باشووری باخموت).

– لە ٥ی کانونی یەکەمدا سوپای ئۆکرانیا بە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازی دیاگیلێڤ لە پارێزگای ڕیازان و فڕۆکەخانەی ئەنگلس لە پارێزگای ساراتۆڤ لە قووڵایی خاکی ڕووسیا.

– لە ٥ی کانوونی یەکەم، فڕۆکە ستراتیژییەکانی توپۆلیڤ ٢٢ و ژێردەریاییەکانی سوپای ڕووسیا بە بەکارهێنانی دەیان مووشەکی کروز هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر دامەزراوە وزەییەکانی ئۆکرانیا لە شارە جیاوازەکانی ئۆکرانیا.

٤- لە ٧ی کانونی یەکەمدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای ڕووسیا بۆ سەر دامەزراوە وزەییەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند؛
“ئێستا مەحاڵە پیشەسازی وزەی ئۆکرانیا وەک پێش لەشکرکێشییە بەرفراوانەکەی (ڕووسیا) زیندوو بکرێتەوە. هەر بۆیەش پچڕانی کارەبا لە شارەکاندا بەردەوام دەبێت. زێلێنسکی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە هێرشەکانی ڕووسیادا یەک لەسەر سێی کەرتی وزە وێران بووە و ٤٠%ی دامەزراوە وزەییەکانی ئۆکرانیا زیانیان بەرکەوتووە.

٥- لە ٦ی کانونی یەکەمدا، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر شاری کورسک لە ڕۆژئاوای ڕووسیا، کۆگایەکی نەوتی فڕۆکەخانە و شوێنێکی دیکەی ئەم شارە ئاگری گرت. بە وتەی ڕۆمان ستارۆڤیت، پارێزگاری ناوچەی کورسک، ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە دەردەخەن کە ئاگرەکە لەو شوێنانە بەردەوامە.

٦- سوپای ڕووسیا بە یەک یان چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شاهێد ١٣٦ هێرشی کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە شارەکانی دنیپرۆپترۆڤسک و ژیتۆمیر. هەروەها سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لە ڕوودانی چەندین تەقینەوەیەکی لەو شارانە کردووە. تا ئێستا وردەکاری فەرمی ئەم هەواڵە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی ڕووسی بە پشتبەستن بە سەرچاوە ناوخۆییەکان بە ئامانج گرتنی دامەزراوەکانی وزەی ژیتۆمیر لەم هێرشانەدا ڕاگەیاند.

کەمبوونەوەی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، گومانی ئەوەی لێکەوتەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهێد ١٣٦ توانای هێرشکردنیان لە زستاندا نییە بەهۆی پارچە پلاستیکی و کەرەستەی دیکە کە بەرگریان لە سەرمای زۆردا نییە. بەڵام هێرشەکانی شەوی ڕابردوو ئەم ئیدیعایەی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیایان خستە ژێر پرسیارەوە و کۆتایی بەو دەنگۆیە هێنا کە گوایە شاهێد ١٣٦ لە سەرمایەکی زۆردا بەکار ناهێنرێت.

٧- لە ٣ی کانونی یەکەم، فڕۆکەیەکی توپولۆف ١٥٤ی سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە مۆسکۆوە بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێکەوت و لە ٤ی کانونی یەکەمدا بۆ مۆسکۆ گەڕایەوە. بەگوێرەی سەرچاوە ڕووسیەکان، ئەم فڕۆکەیە هەڵگری ئەلێکساندەر فۆمین، جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا و ژمارەیەک لە کارمەندانی باڵای سەربازیی ڕووسیا بووە کە بۆ دیدار لەگەڵ فەریق محەمەد حوسێن باقری سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەبارەت بە پەرەپێدانی هاوکاری سەربازی دوولایەنە سەردانی تارانی کردووە. باقری لەم دیدارەدا وتی:
ئەمڕۆ ئەمریکییەکان دان بەوەدا دەنێن کە لە هەوڵە تاکلایەنە و دروستکردنی سیستەمێکی تاک جەمسەریدا سەرکەوتوو نەبوون. ئێمە جەخت لەسەر پێویستی هاوکاری نێوان تاران و مۆسکۆ لە پرسە دوو قۆڵی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەینەوە بە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دوو وڵات و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و دانوستانەکان لەو بوارانەدا پێویستە بە بەردەوامی ئەنجام بدرێت.

٨- لە ١ی کانونی یەکەم دوای تەقینەوەیەک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، یەکێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا بریندار بوو. بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیسپانیا، زەرفێک کە تەقەمەنی تێدابووە، ڕەوانەی ئەم باڵیۆزخانەیە کراوە و ئەو کارمەندە ئۆکراینییە زەرفەکەی کردووەتەوە.

٩- وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئۆپەراسیۆنی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی لانسێت لەدژی کاروانە سەربازییەکان و زرێپۆشەکانی سوپای ئۆکرانیا لە میحوەرەکانی خێرسۆن بڵاوکردەوە. لەم گرتە ڤیدیۆییەدا ساتی بەئامانج کردنی ڕادارەکانی P-18 و 36D6، هەروەها کاروانێکی ئامێری هەڵدانی سیستەمی بەرگری S-300ی سوپای ئۆکرانیا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لانسێتی ڕووسی نیشان دەدرێت. ئەم گرتە ڤیدیۆییەدا دەریدەخات کە لانسێتی ڕووسی لە لێدانی ئامانجە جێگیرەکانی وەک ڕادار سەرکەوتووە و ڕێژەیەکی کەمی لە لێدانی کاریگەرانەی ئامانجە جوڵاوەکان هەیە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قەبارە و کێش و تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی تری ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *