هێرشی داعش بۆ سەر باڵیۆزی پاکستان و سیخەکانی جەلالئاباد؛ بکەری هێرشەکەی سەر نوسینگەی گۆڵبدین حکمەتیار بە نادیاری مایەوە!

سێشەممە 6 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 00:35
https://kurdish.iswnews.com/?p=20277

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ گرووپی تیرۆریستی داعش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بەرپرسیارێتی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابوڵ و تەقینەوەی ئەم دواییەی جەلالئابادی لە ئەستۆ گرت.

لە ٢ی کانوونی یەکەمدا، دوای دزەکردنی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ ناو یەکێک لە بیناکانی دەوروبەری باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابول، داعش تەقەی لە عوبەیدور ڕەحمان نیزامانی باڵیۆزی پاکستان کرد. ئەم هێرشە کاتێک ئەنجام درا کە نیزامانی خەریکی پیاسە کردن لەناو حەوشەکەشی باڵیۆزخانەکە بوو. لەم هەوڵە تیرۆرکردنەدا، باڵیۆزی پاکستان هیچ زیانێکی پێنەگەیشت، بەڵام یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانەی پاکستان بە ناوی ئەسرار محەمەد بریندار بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. هەروەها هێرشبەرەکان توانیان لەو شوێنە هەڵبێن و دەزگای هەواڵگری تاڵیبانیش دوای ئیدانەکردن و کاردانەوەی توندی حکومەتی پاکستان بەرامبەر بەم هێرشە، هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە چڕترکردوەتەوە. هەروەها مەولوی ئەمیر خان موتەقی وەزیری دەرەوەی تاڵیبان لە پەیامێکدا بۆ ئیسلام ئاباد بەڵێنی داوە کە تاڵیبان دوای ئەمە گرنگییەکی تایبەت بە ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە بدات.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە تیرۆرکردنەدا، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم نووسینگەی گۆڵبدین حیکمەتیار، سەرۆکی حیزبی ئیسلامی ئەفغانستان لە کابول تەقیەوە. لە درێژەی ئەم تەقینەوەیەدا دوو هێرشبەر بۆ چوونە ناو مزگەوتی ئیمان لەگەڵ پاسەوانەکانی حیکمەتیار تێکهەڵچوون. لەم ململانێیەدا سێ کەس لەوانە دوو هێرشبەر کوژران و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
تا ئێستا هیچ کەس یان گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

جێی ئاماژەیە مزگەوتی ئیمان لە نزیک ئۆفیسی حیزبی ئیسلامی ئەفغانستان شوێنی نوێژی هەینی و وتارەکانی گۆڵبدین حکمەتیار سەرۆکی ئەم حیزبەیە.

لە لایەکی دیکەوە بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە نزیک پەرستگای سیخەکان لە شاری جەلال ئاباد، ناوەندی پارێزگای نەنگەرهار، شەش هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون. بەگوێرەی لێدوانەکانی ڕەئیس زابلی، وتەبێژی فەرماندەیی ئاسایشی نەنگەرهار، ئەم تەقینەوەیە لە ئەنجامی بۆمبێکی چێندراو لە نزیک دوکانێکی سەر بە سیخەکانی ئەفغانستان ڕوویداوە.

گرووپی تیرۆریستی داعش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکدا بەرپرسایەتیی هێرشەکەی سەر باڵیۆزی پاکستان و تەقینەوەکەی شاری جەلال ئابادی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی گۆڵبدین حیکمەتیارەوە بڵاونەکردووەتەوە. ئەم بابەتە قسە و باسەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنی گروپەکانی دژبەری تاڵیبان، بۆ سەر حیزبی ئیسلامی زیاتر کردووە چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم حیزبە هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان نەبووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *