سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی سەردانی بەحرەینی کرد
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بە پێشوازی وەزیری دەرەوەی بەحرەین گەیشتە مەنامە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی کانونی یەکەم، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بە پێشوازی عەبدوللەتیف بن ڕەشید ئەلزیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین گەیشتە شاری مەنامە، پایتەختی بەحرەین و لەگەڵ حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرەین کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا شای بەحرەین جەختی لە پاڵپشتی مەنامە بۆ دامەزراندنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە، هەمەلایەنە و بەردەوام لەپاڵ زامنکردنی مافەکانی گەلی فەلەستین کردەوە.
هەر لەم دیدارەدا هێرزۆگ بە زمانی عەرەبی ئاماژە بە شای بەحرەین وتی؛
“هاوڕێم، سوپاس بۆ تۆ کە میوانداریت کردم وەک یەکەم سەرۆکی ئیسرائیل کە سەردانی بەحرەین بکات”.
سەردانی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ بەحرەین دژایەتییەکی زۆری بەشێک لە خەڵک و ڕەوتە سیاسییەکانی لێکەوتەوە. ئۆپۆزسیۆنی بەحرەین بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند: “خەڵکی خەباتگێری بەحرەین کە مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتیان هەیە، هەرگیز زایۆنیستەکانی لە نێو خۆیاندا قبوڵ ناکەن و بە دوژمنی خۆیان دەزانن.”
شایانی باسە کە وڵاتانی ئیمارات و بەحرەین بە نێوەندگیری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکی ئاشتییان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی واژۆ کرد.
لێدوانەکان