ئایەتوڵڵا خامنەیی: دەریاوانی ئێرانییەکان لە ڕابردوودا بووە هۆی گواستنەوەی فەرهەنگ و شارستانیەتی ئیسلامی و ئێرانی بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئایەتوڵڵا خامنەیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیان کرد: کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی دەریا و توانا زەبەلاحەکانی پێویستە ببێتە کولتوورێکی گشتی لە وڵاتدا.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لەم دیدارەدا کە بە بۆنەی ٧ی سەرماوەز (٢٨ی تشرینی دووەم) ڕۆژی هێزی دەریایی بەڕێوەچوو، بە پێویستیان زانی توانای شەڕکردن و کەرەستەی بەرگری لە هێزی دەریایی بە شێوەیەکی هەمەلایەنە پەڕەی پێبدرێت و درێژە بە چالاکییەکانی وەک کەشتیوانی لە ئاوە دوور و جیهانییەکان دا بدرێت و وتیان: بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هێزە چەکدارەکان و حکومەت و دەسەڵاتەکانی تر یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن و هاوکاری و پێشخستنی کارەکان.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی، بە ئاماژەدان بە مێژووی دەریاوانی ئێرانییەکان لە ڕابردوودا کە بووە هۆی گواستنەوەی فەرهەنگ و شارستانیەتی ئیسلامی و ئێرانی بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان، ئاماژەیان بەوە کرد: سەرەڕای ئەم مێژوو و درێژی کەنار دەریاکان لە باکوور و بە تایبەتی باشووری ئێران، کولتووری کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکانی دەریا لە وڵاتدا پشتگوێ خراوە و دەبێ ببێتە کولتووری گشتیی خەڵک.
بەڕێزیان دروستکردنی ڕۆشنبیری لەم بوارەدا و تێگەیشتنی گشتی لە دەریا وەک ژێرخانێکی بنەڕەتی بە گرنگ زانی و زیادیان کرد: لە چەند ساڵی ڕابردوودا باس لە پەرەپێدانی کەناراوەکانی مەکران کرا و حکومەتەکان پێشوازییان لێکرد، بەڵام پێشکەوتنی جددی لەم بابەتەدا پێویستی بە دروستکردنی کولتوور هەیە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی بەرهەمە هونەریەکان لەوانە ئەنیمەیشن لە ناساندنی دەرفەتە هەمەجۆرەکانی دەریا بە کاریگەر ناوبرد و وتیان: بە کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمە هونەریەکان و ناساندنی تواناکانی گەشەپێدانی دەریایی وڵات، چ لە کەرتی سەربازی و چ لە کەرتی ئاوەدانکردنەوە، حەماسەتی خەڵک بۆ کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە زیاتر دەبێت.
لەم دیدارەدا، دەریاوان شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەش، هەروەها ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کار و بەرنامەکانی ئەم هێزە لە سێکتەرە جیاجیاکاندا پێشکەش کرد.
لێدوانەکان