ویلایەتە یەکگرتووەکانی تورکیا چاوی لە پێکهێنانی سوپای تورانە!
تورکیا لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی کە لە کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا سەریهەڵدا، لێهاتووانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست دامەزراندووە و بەرەو دروستکردنی “هاوپەیمانییەکی گەورەی سەربازی” لەگەڵ وڵاتانی تورک زمان هەنگاو دەنێت. چوارچێوەی ئەم پەیوەندیانە بۆ داهاتووی وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئێران و هتد زۆر گرنگە.
ئایا تورکیا لە پێکهێنانی سوپای توران سەرکەوتوو دەبێت؟
ڕۆژنامەی “ئیزڤێستیا”ی ڕووسی سەبارەت بە نیگەرانیی مۆسکۆ لەسەر خواستی تورکیا بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەنقەرە و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و هەنگاوی لێهاتووانەی ئەو وڵاتە بەرەو وڵاتانی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵی ڕووسیا نووسیویەتی. ئەم ڕۆژنامەیە بابەتێکی بەناونیشانی “ویلایەتە یەکگرتووەکانی تورکیا! ئەنقەرە وڵاتانی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵی ڕووسیا دەکاتە ئامانج” کە تیایدا باسی بەهێزکردنی هاوکاری سەربازی نێوان ئەنقەرە و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و نزیکبوونەوە لە “تورانیزم” و نیگەرانی مۆسکۆ لەم بابەتە کردووە.
ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک (تورانی) کە لە سەمەرقەند بەڕێوەچوو، تورکیا مانۆڕی لەگەڵ سوپای وڵاتانی ئەندام ئەنجامدا کە بەشێکیان ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵن (یەکگرتوو لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕووسیا). لەم دواییانەدا ئەنقەرە بەشێوەیەکی بەرچاو هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا زیاد کردووە و چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین دەکات و مەشقی هاوبەشی لەگەڵدا ئەنجام دەدات.
کاتێک یەکدەگرین، شکست ناهێنین!
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا هاتووە؛
سەربازانی وڵاتانی برای تورانی، لە تورکیا، قوبرسی باکوور، کۆماری ئازەربایجان، کازاخستان و قرقیزستان، لە چوارچێوەی بیست و یەکەمین خولی تەکنیکی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچە دانیشتووەکاندا” لە سپارتا کۆبوونەوە، شوێنێک کە مانۆڕی سەربازی تێدا بەڕێوەدەچێت. ئەم مانۆڕە سەربازییە هاوبەشە لە چوارچێوەی “ڕێکخراوی وڵاتانی تورک زمان”دا ئەنجامدرا و لە ئێستادا کارەکان بۆ دروستکردنی سیستەمێک بەردەوامە کە بتوانێت بە خێرایی وەڵامی هەر قەیرانێکی وڵاتانی ئەم ڕێکخراوە بداتەوە، لە ئەنجامدا: ئێمە یەکگرتووین و پێکەوە بەهێزین.
ئەم مانۆڕە سەربازییە ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ئەم ڕێکخراوە لە سەمەرقەند بەڕێوەچوو. میدیاکانی تورکیا ئەم کۆبوونەوەیان بە “ویلایەتە یەکگرتووەکانی تورکیا”! وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کردەوە کە “ڕێکخراوی وڵاتانی تورک بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار و ١٧٠ ملیۆن کەس ژمارەی دانیشتووانی، ئێستا بووەتە یەک وڵات لە ڕووی سەربازی و سیاسەتەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، قوبرسی باکوور وەک چاودێر دەبێتە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە. بەڵام دواتر ڤلادیمێر نورۆڤ وەزیری دەرەوەی ئۆزبەکستان ڕوونی کردەوە کە “هیچ قسەیەک لەسەر دانپێدانانی قوبرسی باکوور وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە.
لە ئەنجامی ئەم لووتکەیەدا، سەرۆکی وڵاتانی ئەندام جەختیان لە پابەندبوونیان بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان کردەوە لە قووڵکردنەوە و فراوانکردنی هاوکارییەکان لەسەر بنەمای مێژوو، زمان، کولتوور، نەریت و بەها هاوبەشەکانی گەلی “تورانی”. هەروەها لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەکەدا جەخت لەسەر “بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ئەندام، بەگوێرەی ستانداردی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما جیهانییە دانپێدانراوەکان” کراوەتەوە.
جگە لەوەش لەم بەیاننامەیەدا باس لە ئیرادەی وڵاتانی ئەندام بۆ بەرەوپێشبردنی بەها و بەرژەوەندییەکانی جیهانی تورانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کراوە. وڵاتانی ئەندام ڕێککەوتن لە ڕێگەی ڕاوێژکاری جۆراوجۆرەوە بگەنە ئەم ئامانجە، بەڵام مانۆڕە سەربازییەکانی سپارتا بە ئامادەبوونی هەموو وڵاتانی ڕێکخراوەکە ئەنجام نەدرا، چونکە تورکمانستان و ئۆزبەکستان ئامادە نەبوون بەشداری بکەن.
چڕبوونەوەی هاوکارییەکانی تورکیا لەگەڵ ئاسیای ناوەڕاست
لەم ساڵانەی دواییدا هاوکاری سەربازی نێوان ئەنقەرە و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بەهێزتر بووە. بۆیە تورکمانستان بووەتە یەکێک لە گەورەترین بەکارهێنەرانی چەکی تورکیا و ئەمساڵیش قیرقیزستان جگە لە چەکی ناکوشندە، تەقەمەنی و کەرەستەی خۆپاراستن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقداری وەرگرتووە. ئەنقەرە بەڵێنی بە دوشەنبێ (پایتەختی تاجیکستان) داوە کە هاوکارییەکان لە بوارەکانی بەرگری و پیشەسازی ئەمنیدا، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بواری ئاسایشی سنوورەکان و شەڕی دژی تیرۆر قووڵتر بکاتەوە و ئاستانە (پایتەختی کازاخستان) بەڵێنی داوە )، هەروەها جگە لە بەدەستهێنانی چەکی تورکیا، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەنقەرە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “ANKA” واژۆ کردووە. جگە لەوەش سوپای هەموو وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بە بەردەوامی لە تورکیا مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت.
سوپای گەورەی توران
ڕۆژنامە ڕۆژئاواییەکان باسیان لەوە کردووە کە “مەبەستی ئەردۆغان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازیی گەورە کە هەموو وڵاتانی تورک زمان لەخۆ بگرێت، جێگای نیگەرانییە بۆ مۆسکۆ”. هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە کە ئەنقەرە ئەم ناوچەیە بە “فراوانبوونی سروشتی خۆی له ڕووی نەتەوەیی، زمان، مێژوو و ئایینی” دەزانێت و بەو هۆیەشەوە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بوژاندنەوەی پەیوەندییە نەتەوەیی، زمان و کولتوورییەکان پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات. جگە لەوەش تورکیا پشت بە پەیوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەبەستێت.
لە پاشخانی خواستی ئەردۆغان بۆ “گۆڕینی رێکخراوی وڵاتانی تورکیا بۆ هاوپەیمانییەکی سەربازی”، دیسان باس لە تورانیزم دەستی پێکرد. ئەم ئایدۆلۆژیا ناسیۆنالیستییە لە کۆتایی دەوڵەتی عوسمانیدا سەریهەڵداوە و لەسەر بنەمای دامەزراندنی پەیوەندیی نزیکترە لەگەڵ ئەو ناوچانەی گەلی تورکی تێیدا دەژین.
کاریگەری تورکیا لە ئاسیای ناوەڕاست
لەو چوارچێوەیەدا، ڤلادیمێر ئاڤاتکۆڤ، سەرۆکی بەشی ڕۆژهەڵاتی نزیک و وڵاتانی دوای سۆڤیەت لە ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا، ئاماژەی بەوەدا کە لە لوتکەی سەمەرقەنددا بەڵگەنامەی زۆر گرنگ پەسەند کران. جگە لە ڕێنماییەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی “بەڵگەنامەی ستراتیژی”ی ئەم ڕێکخراوە، وڵاتانی بەشداربوو ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی سندوقێکی وەبەرهێنانی تورکیا بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بە پێگەی ستراتیجی وڵاتانی ئەندام لە ناوچەی یەکتربڕینی ڕێڕەوی وزە و گواستنەوە، بەهێزبوونی هاوکاری نێوان وڵاتانی ئەندام لە کەرتی وزەدا ڕاگەیاند. بە وتەی ئاڤاتکۆڤ، پرۆفیسۆر و وانەبێژی زانستە سیاسییەکان، ئەنقەرە بۆی دەرکەوتووە کە سەرەڕای پێگەی بێوێنە، وڵاتانی ناوچەکە هێشتا دوورن لە هێڵی کەشتیوانی لە زەریای جیهانیدا، ئەمەش لە بەرامبەردا دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە نوێیەکان ئاڵۆزتر دەکات. لە ئەنجامدا کۆماری تورکیا سوود لەم دۆخە وەردەگرێت و ڕۆڵی گەشەپێدانی ئاسیای ناوەڕاست دەگێڕێتەوە. لەمبارەیەوە بڕیاری دروستکردنی سیستەمێکی گواستنەوەی یەکگرتوو لە چوارچێوەی ئەم ڕێکخراوەدا ڕاگەیەندرا. لە کۆتاییدا ئاڤاتکۆڤ بە کورتی وتی: تورکیا لێزانانە بەرەو وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست هەنگاو دەنێت و پەیوەندییەکان نەک هەر بەهێز بەڵکوو لە داهاتوودا “گرنگ” دەکات.
لێدوانەکان