کێوماڵکردنی تەواوەتی گەڕەکی ئەلسەدی شاری دەرعا لە داعش!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی هێزەکانی سوپای سووریا و گروپە چەکدارە خۆجێیەکان لە گەڕەکی ئەلسەد لە شاری دەرعا، لانیکەم ٣٠ ئەندامی داعش کوژران و ئەم ناوچەیە بە تەواوی لە بوونی ئەم گروپە تیرۆریستییە پاککرایەوە.
دوای زیادکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعش لە پارێزگای دەرعا، لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، هێزەکانی سوپای سووریا و گروپە چەکدارە خۆجێیەکان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان لەدژی داعش لە گەڕەکی “ئەلسەد”ی شاری دەرعا دەستپێکرد.
لەم ئۆپەراسیۆنانەدا لانیکەم ٣٠ فەرماندەی مەیدانی و ئەندام و هاوکارانی تیرۆریستانی داعش کوژران. لە لایەکی دیکەوە ٨ ئەندامی سوپای سووریا و گروپە خۆجێیەکان و هەروەها دوو هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ئێستا گەڕەکی ئەلسەد دوای کوشتنی ئەندامانی داعش و هەڵهاتنی دوو لە فەرماندەی مەیدانییەکانی ئەم گروپە تیرۆریستییە، بە ناوی “ئەبرزهم موید حەرفوش” بە نازناوی “ئەبو تەعجە” و “محەمەد مسالمە” بە نازناوی “هەفو” بۆ شاری ئەلنەعیمە بە تەواوی پاککراوەتەوە. تا ئێستا بەرپرسان و فەرماندەکانی سووریا هیچ لێدوانێکیان لەسەر کۆتایی و ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە بڵاو نەکردۆتەوە.
شایانی باسە، زیادبوونی جموجۆڵ و کردەوە تیرۆریستییەکانی گروپی تیرۆریستی داعش لە شاری دەرعا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بووە هۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا پلانێکی بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێک بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەم گروپە تیرۆریستییە و پاککردنەوەی ناوچەکانی شاری دەرعا دابڕێژن. بە لەبەرچاوگرتنی نائەمنی، جموجۆڵەکانی کەسانی چەکدار و چالاکییە تیرۆریستییەکان لە پارێزگای دەرعا، ئەگەری زۆرە دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی شاری دەرعا، سوپای سووریا بیر لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنی لە شارەکانی دیکەی ئەم پارێزگایە وەک “جاسم” و “ئەلسیرفە” بکاتەوە.
لێدوانەکان