هێرشی بەرفراوانی مووشەکەکانی کروزی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا + ڤیدیۆ و وێنە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سوپای ڕووسیا بە زیاتر لە ١٠٠ مووشەکی کروز هێرشی کردە سەر ژێرخانەکانی وزە و چەندین ناوچەی دیکە لە ١٨ شاری ئۆکرانیا.
ئێوارەی رۆژی رابردوو (سێشەممە)، سوپای ڕووسیا لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بە زیاتر بە ١٠٠ مووشەکی کروز، پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیای لە شارەکانی زاپۆریژیا، میکۆلایڤ، چێرکاسی، چێرنیهیڤ، پۆلتاڤا، ژیتۆمیر، ڕیڤنێ، کریڤی ڕیه، ڤینیتسیا، سامی، کرێمێنچوگ، لڤیڤ و لوتسک و کیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتە کردە ئامانج.
لەئەنجامی ئەم هێرشەدا، کارەبای شارەکانی لڤیڤ، ژیتۆمیر، پۆلتاڤا و تێرنۆپیل بە تەواوی و بەشێکی شارەکانی دیکەی وەک سامی و ئۆدێسا پچڕاوە. هەروەها بەرپرسە خۆجێیەکانی ئەو ناوچانە رایانگەیاندووە کە زیانێکی گەورە بەر ژێرخانی وزەی ئەم شارانەدا گەیشتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، لەم هێرشەدا ڕووسیا زیاتر لە ١٠٠ مووشەکی کروزی خا-١٠١ و خا-٥٥ و هەروەها ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شاهێد ١٣٦ی بەکارهێناوە و سیستەمی بەرگریی سوپای ئۆکرانیا توانیویەتی ٧٣ مووشەکی کروز، ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهێد ١٣٦ و یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئۆریۆن بخاتە خوارەوە.
هەروەها دوو مووشەکی ڕووسی لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای لوبلین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا کەوتوونەتە خوارەوە. دوابەدوای ئەم ڕووداوە، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتیۆس مۆراڤیسکی، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتەکەی بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەم هێرشە ئەنجام داوە. هەندێک سەرچاوەی پۆڵەندی باسیان لەوە کردووە کە دوو کەس لە هێرشە مووشەکییەکەی ڕووسیادا کوژراون، بەڵام لە ئێستادا ناتوانرێت ئەم ژمارەیە پشتڕاست بکرێتەوە.
لە وێنەکانی سەرەوەدا بەشێک لە مووشەکی سیستەمی بەرگری ئێس ٣٠٠ دەبینرێت کە کەوتۆتە سەر خاکی پۆڵەندا. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم مووشەکە، مووشەکی سیستەمی بەرگری ئێس ٣٠٠ی ئۆکرانیایە کە لەکاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ڕووسیا، لە ناوچەی لوبلین کەوتووەتە خوارەوە.
لەمبارەیەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، و لەگەڵ ڕەتیکردەوەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ئۆکرانیا و پۆڵەندا، رایگەیاند: لێدوانی میدیاکان و ئیدیعای دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا سەبارەت بە کەوتنی مووشەکەکانی ڕووسیا لەسەر خاکی پۆڵەندا هەنگاوێکی بە ئەنقەست بۆ زیادکردنی گرژییەکانە.
لێدوانەکان