چەندین تەقینەوە لە ناوچەی سێیەمی سەربازی مارب ڕوویدا
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لەئەنجامی چەند تەقینەوەیەک لە کۆگاکانی چەک لە ناوچەی سێیەمی سەربازی، چەند کەسێک کوژران و بریندار بوون.
میدیا ناوخۆییەکان هۆکار و ئەگەری جۆراوجۆریان سەبارەت تەقینەوەکانی مارب ڕاگەیاندووە کە هەندێکیان بەم شێوەیەن:
١- ئەنساروڵڵا بە شەش موشەک هێرشی کردووەتە سەر کۆگاکانی چەکی ناوچەی سێیەمی سەربازی شاری مارب.
٢- بەشێک لە ئەندامانی حیزبی ئیسڵاح رایانگەیاندووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیمارات هێرشیان کردۆتە سەر کۆگاکانی چەکی ناوچەی سێیەم.
٣- تەقینەوەکان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگای چەکدا بووە کە بۆ مانۆڕی سەربازی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئامادەکراون.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە ئەنجامی ئەو تەقینەوانەدا، چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە هەشت کەسیش برینداربوون. سەرەڕای ئەو ئەگەرە جۆراوجۆرانەی کە باس کراون، هیچ لایەن یان گروپێک هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم تەقینەوە نەداوە و ئەو حاڵەتانەی باسکراون تا ئێستا نەسەلمێنراون و تەنها قسە و باسن.
سەرەڕای دیارنەبوونی وردەکاری تەقینەوەکان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بەبێ ئەوەی بەڵگە و وردەکاری بخاتەڕوو، ئەو تەقینەوانەی وەک هێرشێکی تیرۆریستی شەرمەزار کردووە و داوای لە ئەنساروڵڵا کردووە خۆی لە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل بەدوور بگرێت! ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدا دەکرێت کە حیزبی ئیسڵاح فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیماراتی بە هۆکاری هێرشەکە زانیوە و هۆزەکانی مارب ـیش هاوپەیمانی سعوودیە و حیزبی ئیسڵاحیان بە هۆکاری نائەمنی، تیرۆر و تەقینەوەی گوماناوی لە مارب دەزانن. ئەمە لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئەنساروڵڵا و میدیاکانی سەر بەو هێزانە تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەبارەی هێرشەکەی سەر مارب بڵاونەکردووەتەوە.
لێدوانەکان