زیادبوونی هێرشەکانی شەباب ئەلموجاهدین بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سۆماڵی
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ گروپی تیرۆریستی “شەباب ئەلموجاهدین” ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی (٣ و ٤ی تشرینی دووەم)، چەندین ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆریان لەدژی هێزەکانی حکومەتی سۆماڵی ئەنجامدا.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی شەباب ئەلموجاهدین، ئەندامانی ئەم گرووپە دوو بنکە و بارەگایەکی سەربازیی هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی کینیایان لە ناوچەی “هروا” لە مۆگادیشۆ و لە شاری “باردیری” و گوندی “برۆلی” لە ویلایەتەکانی “بنادەر” و “جۆزۆ” لە باشووری سۆماڵی بە هێرشی موشەکی و دواتر هێرشی چەکداری کردۆتەوە ئامانج. لەم هێرشانەدا هێزەکانی سۆماڵی و کینیایی تووشی زیانی گیانی و ماددی بوونەتەوە.
گروپی شەباب ئەلموجاهدین هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێکی خۆکوژیدا لە ڕۆژی هەینی، ٤ی تشرینی دووەم، هێرشی کردۆتە سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزە تایبەتەکانی سۆماڵی (کە لەلایەن ڕاوێژکارانی تورکیا ڕاهێنراون) لە گوندی تۆفیق لە “ویلایەتی شەبیلی ناوەڕاست” لە باشووری سۆماڵ. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ٢٣ کەس لەم هێرشەدا کوژراون و ١٩ کەسی دیکەش بریندار بوون. لەم ئۆپەراسیۆنەدا هەروەها ژمارەیەکی زۆر نەفەرهەڵگر و ئۆتۆمبیلی سەربازی و تەقەمەنی تێکشکێنراون.
شەباب ئەلموجاهدین هەروەها بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی تشرینی دووەم لە نزیک گوندی “تەردو”ی سەر بە ویلایەتی “هیران” لە ناوەندی سۆماڵ لەگەڵ هێزە تایبەتەکان کە لەلایەن ئەفسەرانی ئەمریکییەوە مەشقیان پێکراوە و هەروەها هێزەکانی حکومەت و پۆلیس پێکدادانیان کردووە و ٣٦ کەس لەو هێزانەیان کوشتووە و ٥٠ کەسیش بریندار کردووە. ئەم ململانێیە بووەتە هۆی ئەوەی هێزە هاوبەشەکان بۆ ناو بنکەکانیان بکشێنەوە. لە هەمان کاتدا سوپای سۆماڵ کوژرانی نزیکەی ٢٠٠ ئەندامی شەباب ئەلموجاهدین لەلایەن هێزەکانی سوپای سۆماڵ و هێزە ناوخۆییەکانی ناوچەی هیران ڕاگەیاندووە.
شایانی باسە کە بەپێی ڕاپۆرتی شەباب ئەلموجاهدین، دوای هەڵاتنی هێزە هاوبەشەکان، ئەمریکییەکان هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکە ئەنجام داوە و لە ئەنجامدا هەشت ئەندامی شەباب ئەلموجاهدین کوژراون.
تیرۆریستانی شەباب ئەلموجاهدین هەروەها هێرشیان کردۆتە سەر دوو بنکەی سەربازی لە شارەکانی مۆگادیشۆ و “کیسمایۆ” لە دوو ویلایەتی “بەنەدەر” و “جوبە” لە باشووری سۆماڵی و بەهۆیەوە یەکێک لە هێزەکانی حکومەت کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی سەرچاوەکانی شەباب ئەلموجاهدین، “عەلی یری عەلی”، جێگری سەرۆکی شارەوانی مۆگادیشۆ، لە تەقینەوەیەکی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ئەم مانگە ڕزگاری بووە. بەپێی ئەم سەرچاوانە، گرووپێکی ئەمنی سەر بە شەباب ئەلموجاهدین بە بۆمبێک هێرشیان کردووەتە سەر کاروانی “عەلی یری عەلی” و بەو هۆیەوە پێنج لە پاسەوانەکانی جێگری سەرۆکی شارەوانی مۆگادیشۆ کوژراون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون و یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانیش تێکشکاوە.
لێدوانەکان