هێرشە قورسەکانی سوپای سووریا و ڕووسیا بۆ سەر پێگەکانی چەکدارەکان لە ئیدلب + ڤیدیۆ

یەکشەممە 6 تشرینی دووه‌م 2022 - 12:20
https://kurdish.iswnews.com/?p=19262

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە میانەی هێرشە تۆپخانەییەکانی سوپای سووریا و فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ڕووسیا بۆ سەر پێگەکانی چەکدارەکان لە ئیدلب، چەند ئەندامێکی هێزە چەکدارەکان و ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژران و بریندار بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ڕووسیا لانیکەم چوار هێرشیان کردە سەر بارەگا و کۆگاکانی تەقەمەنی و کەمپەکانی مەشق و ڕاهێنانی سەر بە تەحریر شام لە ڕۆژئاوای ئیدلب.

هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، سوپای سووریا بە هێرشی موشەکی و تۆپخانەیی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئیدلبیان کردە ئامانج. لەم هێرشانەدا کەمپەکانی مەرام، وەتەن، وادی حەج خالید، کفر ڕۆحین، مۆرین، بەعیبعە بە هێرشی موشەکی و تۆپخانەیی کرانە ئامانج، کە لە ئەنجامدا لانیکەم ٩ کەس لەوانە چەند کەسی سڤیل کوژران و زیاتر لە ٧٧ کەسیش بریندار بوون.

لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، چەکدارەکان بە هێرشی تۆپخانەیی و موشەکی هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا و پێگەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە چەند ناوچەیەک لەوانە میحوەری سەراقیب لە پارێزگای ئیدلب، کە لە ئەنجامدا منداڵێک بریندار بوو.

ئەم هێرشانە لەگەڵ ڕاگەیاندنی “ئۆلێگ ژوراڤلۆڤ”، جێگری ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیا لە سووریا، سەبارەت بە ئامادەکاری چەکدارانی تەحریر شام بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانی حەمیمیم لە سووریا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئەنجام درا.

پێگەکانی چەکداران لە ئیدلب ڕۆژانە بە هێرشی تۆپخانەیی و موشەکییەکانی سوپای سووریا دەکرێنە ئامانج. هەرچەندە بە لەبەرچاوگرتنی کردەوەکانی پێشووی هێزە چەکدارەکان، بەدووری نازانرێت کە رووداوەکە و ژمارەی قوربانیان لەلایەن ئەوانەوە گەورە کرابێت تا لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا لە دژی حکومەتی سووریا بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەم جۆرە هێرشانەی سوپای سووریا بۆ سەر خەڵکی سڤیل بەتایبەتی پەنابەرانی سووریا، هیچ پاساوێکی قبوڵکراوی نییە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *