حکومەتی ئەسیوپیا و بەرەی تیگرای ڕێککەوتنی ئاشتییان واژۆ کرد

هه‌ینی 4 تشرینی دووه‌م 2022 - 11:21
https://kurdish.iswnews.com/?p=19218

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ نوێنەرانی حکومەتی ئەسیوپیا و بەرەی ڕزگاریخوازی تیگرای دوای هەفتەیەک لە دانوستان بە نێوەندگیری سەرۆکی پێشووی نەیجیریا و یەکێتی ئەفریقا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاشتی.

دوای دوو ساڵ لە شەڕی ناوخۆی نێوان بەرەی ڕزگاریخوازی تیگرای و سوپای ئەسیوپیا، نوێنەری هەردوولا بە نێوەندگیری ئۆلۆسیگون ئۆباسانجۆ، سەرۆکی پێشووی نەیجیریا و هەروەها نوێنەرانی یەکێتی ئەفریقا بۆ شاری پریتۆریای پایتەختی ئەفریقای باشوور بانگهێشت کران، و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا بۆ گەیشتن بە ئاشتی دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستان کرد.

بەپێی ئەم ڕێکەوتنە گرژی و شەڕ لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕادەگیرێت و ڕێگە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە مرۆییەکان دەدرێت بۆ هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری بچنە ئەو ناوچانە. ئۆباسانجۆ سەرۆکی پێشووی نەیجیریا سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە وتی: هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و چەکداماڵین بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێک و پێک و ئاشتیانە و هەماهەنگ.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەفریقا و وڵاتانی دیکەی کیشوەری ئەفریقا و جیهان پێشوازییان لەم ڕێککەوتنە کردووە.

شەڕی ناوخۆی ئەسیوپیا لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دوای پەرەسەندنی ناکۆکی نێوان حکومەتی ئەسیوپیا بە سەرۆکایەتی ئەبی ئەحمەد و هەرێمی خۆسەری تیگرای دەستیپێکرد و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژران و دوو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنیش ئاوارەبوون. خەڵکی تیگرای پێیان وایە حکومەتەکەی ئەبی ئەحمەد هەوڵدەدات بەتەواوەتی دەست بەسەر پرۆسەی بڕیاردان لە ناوچەی تیگرایدا بگرێت و دەسەڵات لەدەستی تیگرای دەربهێنێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *