سەنعا: قبوڵکردنی درێژکردنەوەی ئاگربەست، واتە قبوڵکردنی گەمارۆ و شەڕ

پێنجشەممە 29 ئه‌یلول 2022 - 10:21
https://kurdish.iswnews.com/?p=17920

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەمەن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئەگەر بڕیار بێت گەمارۆ و هێرشەکان بەردەوام بن، درێژکردنەوەی ئاگربەست بێمانایە.

“هانس گرۆندبرگ” نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری یەمەن ڕۆژی رابردوو (چوارشەممە) لە شاری سەنعا لەگەڵ “مەهدی ئەلمەشات” سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن کۆبووەوە.

بەپێی زانیاریەکان لەم کۆبوونەوەیەدا کە “عەبدولعەزیز بن حەبتوور” سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی رزگاری نیشتمانی یەمەن ئامادەی بوو، هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە سایەی “وەڵام نەدانەوەی وڵاتانی دەستدرێژکار بۆ داواکارییە مرۆییەکان و مافەکانی گەلی یەمەن و هەوڵەکان بۆ بێ ناوەرۆک کردنی ئاگربەست” تاوتوێ و گفتوگۆی لەسەر کرا.

مەهدی ئەلمەشات لەم دیدارەدا وتی: بە پێچەوانەی داخوازییە مرۆییەکانی سادە لە بواری پێدانی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینانی حکوومەت و هەڵگرتنی ئابڵۆقە، نادادپەروەرییەکی گەورە بەسەر خەڵکی یەمەندا سەپێنراوە. بە تایبەت کە سەرچاوە نیشتمانییەکانی یەمەن لەلایەن دەستدرێژکاران و بەکرێگیراوەکانیانەوە تاڵان دەکرێن، ئەو سەرچاوانەی کە دەتوانن ساڵانێک موچە دابین بکەن.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر وڵاتانی دەستدرێژکار ئیرادەیان هەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی گەلی یەمەن، چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە ئاسان دەبێت.

باڵاترین بەرپرسی سیاسی یەمەن هەروەها وتی: کەم نەکردنەوەی دەرد و ئازارەکانی گەلی یەمەن کە بە ئەنقەست لە لایەن وڵاتانی دەستدرێژکارەوە دروست بووە، بەو مانایەیە کە خەڵک ئەو ئاگربەستەی قبوڵ ناکات. ئێمە لە ڕێگای ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیرەوە داوای بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەلی یەمەن دەکەین.

مەهدی ئەلمەشات لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێدانی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان داواکاری بنەڕەتی گەلی یەمەنە و ئەگەر ئەمە بەدی نەهێنرێت و سودەکانی ئاگربەستەکە دیار نەبێت، درێژکردنەوەکەی قبوڵ ناکەین، چونکە قبوڵکردنی ئاگربەستێکی لەو شێوەیە بە واتای قبوڵکردنی بەردەوامی شەڕ و گەمارۆدانی گەلی ئازیزی یەمەنە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *