تەقینەوەی تیرۆریستی لە کابوڵ ٥٦ قوربانی لێکەوتەوە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، لە ئەنجامی دوو تەقینەوە لە ناحیەی ٢ و ١٥ی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ٥٦ کەس بوونە قوربانی کە چەند چەکدارێکی تاڵیبانی تێدایە.
لە ٢٣ی ئەیلول، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم دەرگای چوونە ژوورەوەی “مزگەوتی وەزیر ئەکبەرخان” لە ناحیەی ٢ی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان تەقییەوە و بەهۆیەوە ١٤ کەس لەوانە ٧ چەکداری تاڵیبان کوژران و ٤٢ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە لایەکی دیکەوە لە تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەسەر ڕێگای کاروانی سەربازیی چەکدارانی تاڵیبان لە گەڕەکی پەنساد فامیلی لە ناحیەی ١٥ی شاری کابوڵ، دوو چەکداری تاڵیبان بریندار بوون.
نووسینگەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی وڵاتان لە کابوڵ و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی ئەفغانستان وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی وەزیر ئەکبەرخان، داوایان لە حکومەتی تاڵیبان کرد هەوڵی زیاتر بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی هاوڵاتیانی ئەفغانستان بدات. تەقینەوەی تیرۆریستی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم مزگەوتێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی، ئاماژەیە بۆ لاوازی دەزگای هەواڵگری تاڵیبان و فرە لایەنی نێو ئەم گروپە، هەروەها ئاماژەیە بۆ زیادبوونی هێزی گروپەکانی دژبەری تاڵیبان وەک داعش و هێزەکانی ئەحمەد مەسعود. هەرچەندە تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام جۆر و شوێنی هێرشەکە، زۆر لە هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش دەچێت.
لێدوانەکان