گرنگترین هەواڵەکانی ٢١٠مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٢
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی باشووری هێزەکانی ئۆکرانیا، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهێد ١٣٦ی ئێرانی لەلایەن سوپای ڕووسیاوە لە هێرش بۆسەر شاری نیکۆپۆل لە پارێزگای دنیپرۆپترۆڤسک ڕاگەیاند.
بەپێی وردەکارییەکانی ئەم هەواڵە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکان هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانەکانی نیکۆپۆل و دامەزراوەکانی دیکەی شاری ئۆچاکیۆ لە پارێزگای میکۆلایڤ.
میدیاکانی ئۆکرانیا دیسانەوە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خراوەتە خوارەوە، بەڵام ئەو وێنانەی کە لەبەردەستدان لە داروپەردووی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکە دەریدەخات کە ئەو هێرشە سەرکەوتوو بووە.
پوختەی لێدوانەکانی ئەمڕۆی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا:
ئامانجی رۆژئاوا لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی رووسیایە، راستەوخۆ دەڵێن لە ساڵی ١٩٩١ توانیویانە یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشێننەوە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڕووسیا هەڵوەشێنەوە.
بۆ پاراستنی ڕووسیا، سەروەری و یەکپارچەیی، پشتگیری لە پێشنیاری حەشدی گشتی بە پێویستی دەزانم. حەشدی گشتی لە ئەمڕۆوە دەست پێدەکات. تەنها ئەو هاوڵاتیانەی کە یەدەگن، سەربازی زۆرەملێ دەیانگرێتەوە و بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت مەشق و ڕاهێنانی زیاتریان پێ دەکرێت.
وڵاتانی رۆژئاوا فشار لە ئۆکرانیا دەکەن بۆ گواستنەوەی ئەو ململانێیە بۆ ناو خاکی ڕووسیا. ئەگەر یەکپارچەیی خاکی ڕووسیا بخرێتە مەترسییەوە، ئێمە هەموو ئامرازەکانی بەردەست بەکاردەهێنین، ئەمە درۆ نییە.
لێدوانەکان