ڕەئیسی: هیوادارین لێک تێگەیشتنی لایەنە عێراقییەکان بگاتە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز لەم وڵاتە
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەراوێزی دانیشتنی حەفتا و حەوتەمی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیۆیۆرک کۆبوونەوە.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێ شەممە 20 ی ئەیلولی 2022 لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ شاری نیۆیۆرک لە گەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی پێشوازی لە زیارەتکاران و بەڕێوەچوونی شکۆمەندانەی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) سوپاسی گەل و حکومەتی عێراقی کرد و وتی کە هیوادارین هەرچی زووترە پرۆسە سیاسی لە عێراق بە وتووێژ و لێک تێگەیشتنی لایەنەکان بگاتە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز.
ناوبراو ستایشی نیازپاکی و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەی کرد بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە لە گەڵ یەکتر، بە تایبەت ئێران و سعوودیە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە دەکات بەڵام پێداگری لەوەش دەکەین کە ئەم بەرەوپێشچوونەش بە پێی ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنەکان لە وتووێژی نێوان بەرپرسانی هەر دوو وڵات بێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییە ناوچەییەکانی خۆی بەردەوام بەرژەوەندییەکانی جیهانی ئیسلام ڕەچاو دەکات.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەو کۆبوونەوەدا دەستخۆشیی لە نیازپاکی و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زیاترکردنی هاوکارییەکان لە گەڵ عێراق کرد.
جام کوردی
لێدوانەکان