پێشهاتەکانی یەمەن، ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، نمایشی هێزەکانی ژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی رزگاری یەمەن (ئەنساروڵڵا) بە بەشداری ٢٠ هەزار هێزی سەربازی و هەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەروەها وتاری سەید عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی، ڕێبەری شۆڕشی یەمەن، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دیکەی حکومەتی یەمەن بەڕێوەچوو.
١- سەنعا:
ڕێوڕەسمی نمایشی هێزەکانی ژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی رزگاری یەمەن بە بەشداری ٢٠ هەزار هێزی سەربازی و هەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەروەها وتاری سەید عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی، ڕێبەری شۆڕشی یەمەن، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی یەمەن بەڕێوەچوو. سەید حوسی لەگەڵ ستایشی ڕۆڵی شەهید تاها حەسەن ئەلمەدانی لە ڕێکخستنی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەی بە هێرشە ئەمنییەکان و پیلانگێڕییە جۆراوجۆرەکانی هاوپەیمانی سعوودیە بە کەڵک وەرگرتن لە تەکفیرییەکان کرد و هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکانی یەمەن بە فاکتەری سەرەکی پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە زانی.
٢- حودەیدە:
هێزەکانی هاوپەیمانی سعوودیە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا لەم پارێزگایەدا ١١٨ جار ئاگربەستیان پێشێل کردووە.
٣- حەزەرمەوت:
چەكدارانی ئەلهەبە ئەلحەزرمیە (سەر بە ئیمارات) داوای سەربەخۆیی دارایی، ئیداری و سەربازییان لە ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور كرد.
٤- سۆکۆترا:
ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕێگای دەریاوە چوونە ناو بەندەری حەدیبۆ بە ئامانجی دروستکردنی ژووری هەواڵگری نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی کەشتیوانی دەریایی و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی دوورگەی سۆکۆترا.
٥- هاوکات لەگەڵ لاوازبوونی حیزبی ئیسڵاح و جموجۆڵەکانی قاعیدە لە ناوچە داگیرکراوەکانی یەمەن، گروپی تیرۆریستی داعش داوای لە لایەنگرانی خۆی لە یەمەن کرد، هێرش بکەنە سەر ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بە هاوپەیمانی سعوودیە لە پارێزگاکانی شەبوە و ئەبیەن.
٦- لە ١٦ی ئەیلول، محەممەد عەبدولسەلام، وتەبێژی ئەنساروڵڵا و بەرپرسی دانوستانەکانی حکوومەتی یەمەن، لەگەڵ سەید حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لە لوبنان کۆبووەوە. لەم دیدارەدا هەردوولا سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاگربەستی یەمەن و پێشهاتەکانی ناوچەکە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
لێدوانەکان