جارێکی تر فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان هێرشیان کردە سەر کابوڵ و تەخار!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان بۆ سەر پێگەکانی تاڵیبان لە شاری کابوڵ و شارۆچکەکانی دۆرقەد و خواجە بەهائەدین لە پارێزگای تەخار، ژمارەیەک لە ئەندامانی تاڵیبان لەوانە دوو فەرماندەی مەیدانی کوژران و برینداربوون.
ئێوارەی ٢ی ئاب، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو (پێدەچێت ئەمریکا بێت) بۆ سەر ڕێگای قوتابخانەی حەبیبیە لە ناوچەی سێیەمی شاری کابوڵ، شەش ئەندامی تاڵیبان، لەنێویاندا “مەولوی حاجی ئەحمەد”، بەرپرسێکی هەواڵگری تاڵیبان و هەروەها پێنج ئەندامی قاعیدە، لەنێویاندا “مەولوی حەنزەلە” کوژران. بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوە خۆجێییەكان، لە ٤ی مانگی ئاب دیاربوو کە “مەولوی حەنزەلە” ناوی ڕێکخراوەیی ئەندامێكی دیاری گروپی تیرۆریستی قاعیدە بووە بە ناوی “ئەبو حەسەن ئەلموجاهید” و ئەم كەسەش بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە. لەم هێرشەدا چوار ئەندامی دیکەی قاعیدە بە ناوەکانی سەید محەمەد موباریز، جیهادوڵڵا فەراهی، هیجرەت قوڕەیشی و ئەبو عومەر لۆگری لەگەڵیدا بوون کە هەموویان کوژراون.
تا ئێستا رۆڵ و بەرپرسیارێتی “ئەبو حەسەن موجاهید” لە رێکخراوی قاعیدەدا دیار نییە، بەڵام بەم دواییە لە وڵاتی میسرەوە هاتبووە ئەفغانستان و لە یەکێک لە بنکەکانی تاڵیبان لە پارێزگای لۆگر چالاک بوو. ناوبراو دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەولوی حاجی ئەحمەد، بەرپرسی بەشی ١٠ی دەزگای هەواڵگری تاڵیبان، لە ڕێگای قوتابخانەی حەبیبیە لە ناوچەی سێیەمی شاری كابوڵ بەهۆی هێرشێكی فڕۆكەیەکی بێفڕۆكەوانی نەناسراوەوە (پێدەچێت ئەمریكا بێت) كوژرا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەشی ١٠ی ڕێکخراوی هەواڵگری تاڵیبان یەکێکە لە تیمە هەرە باڵاکانی هەواڵگری تاڵیبان، کە ئەرکی پاراستنی بەرپرسە دیارەکانی حکومەتی تاڵیبان لە ناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان لە ئەستۆدایە.
پێش هێرشکردنە سەر کابوڵ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان هێرشیان کردبووەوە سەر گوندەکانی دۆرقەد و خواجە بەهائەدین لە پارێزگای تەخار. تا ئێستا وردەکاری ئەم هێرشانە بڵاونەکراوەتەوە.
زیادبوونی هێرشە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان و کوژرانی ئەندامانی باڵای تاڵیبان دەتوانرێت وەک دەرئەنجامی زیادبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان ڕێکخراو و ئەنجومەنەکانی تاڵیبان دابنرێت. ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی لایەنگرانی تاڵیبان لەگەڵ “مولاهەبتوڵڵا ئاخوندزادە”، سەرۆکی تاڵیبان، تیرۆرکردنی “ئەیمەن زەواهیری”، سەرکردەی گروپی تیرۆریستی قاعیدە، تیرۆرکردنی کەسە کاریگەر و ئایینییەکانی تاڵیبان، ململانێ چەکداری و سیاسییەکان و هتد، ئاماژە بە ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان ئەندامانی باڵای تاڵیبان دەکات.
لێدوانەکان