کۆبوونەوەی زانایانی ئایینی و لایەنگرانی تاڵیبان لە قەندەهار
زانایان و پیرانی هۆزەکانی لایەنگری حكومهتی تاڵیبان له میانەی كۆبوونهوهی قهندەهار، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئهم دواییهی ئهمریكایان بۆ سهر شاری كابوڵ به بهشداریی پاكستان شەرمزار كرد.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ١٨ی ئابدا بە ئامادەبوونی مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە، رێبەری ئەم گروپە، حکومەتی تاڵیبان کۆبوونەوەیەکی لە ژێر ناونیشانی “کۆبوونەوەی جەماوەری زانایانی ئایینی و پیرانی هۆزەکان” لە هۆڵی کۆشکی مەندیگێگ لە ناوچەی چاهارسەنگ لە شاری قەندەهار، بەڕێوەبرد. لەم کۆبوونەوەیەدا تاڵیبان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئەمریکای لە ٣١ی تەمووز بۆ سەر گەڕەکی شیرپووری کابوڵ کرد کە بووە هۆی کوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە و ئەو هێرشەی بە دەستدرێژی بۆ سەر ئاسمانی ئەفغانستان و پێشێلکردنی ڕێککەوتنی دۆحە و یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی.
لەم بەیاننامەیەدا تاڵیبان هۆشداری داوەتە وڵاتی دراوسێی خۆی (پاکستان) سەبارەت بە بازرگانیکردن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەفغانستان و هاوکاریی هەواڵگری و کردنەوەی ئاسمانی بەڕووی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا، و ئەو وڵاتەی بە هاوبەشی تاوانەکانی ئەمریکا زانیوە. لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا زانایان و پیرانی هۆزەکانی پشتیوانی تاڵیبان کردەوەکانی گروپەکانی دژبەری تاڵیبانیان بە حەرام ناوبرد و داوای دانپێدان و بەفەرمی ناساندنی ئیمارەتی ئیسلامی تاڵیبان وەک حکومەتی شەرعی ئەفغانستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەکە کرد.
مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، رێبەری تاڵیبان لە پشت پەردەوە وتارێکی پێشکەش بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرد و رایگەیاند کە ڕێککەوتنی دۆحە یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی تێدا نییە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەیە جارێکی دیکە بچێتە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان.
بەپێی لێدوانەکانی رێبەری تاڵیبان و بەیاننامەی کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیە، دوای کوشتنی ئەیمەن زەواهیری و تیرۆرکردنی زانایانی باڵای تاڵیبان، لەنێویاندا شێخ رەحیموڵڵا حەقانی، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی رێکخراوی تاڵیبان زیادیکردووە، و رێبەری تاڵیبان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ئەم کۆبوونەوەیەی ڕێکخستووە. هەر وەک لە وتارەکانی پێشوودا ئاماژەی پێکرا، دروستکردنی بۆشایی لە نێوان ئەندامانی باڵای تاڵیبان یەکێک بوو لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە تیرۆرکردنی ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی گروپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە و ئەم بۆشاییەش لە داهاتوودا زیاتر دەردەکەوێت.
لێدوانەکان