گرنگترین هەواڵەکانی ١٧٤مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ١٦ی ئابی ٢٠٢٢
ئارتیس پابریکس وەزیری بەرگری لاتڤیا ڕادەستکردنی دوو هێلیکۆپتەری Mi-8 و دوو هێلیکۆپتەری Mi-2 بۆ هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
جێی ئاماژەیە کە لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە، لاتڤیا بە بەهای زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ یارمەتی سوپای ئۆکرانیای داوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە یەک کاتدا لە کۆگایەکی تەقەمەنی لە نزیک گوندی مایسکۆیە و وێستگەی کارەبای شاری ژانکۆی لە باکووری نیمچە دورگەی کریما روویدا. بەهێزی تەقینەوەکانی کۆگای تەقەمەنی مایسکۆیە بەجۆرێکە کە هێزە ناوخۆییەکان بۆ ڕێگریکردن لە لێکەوتە نەرێنییەکانی سەدان دانیشتووی ئەم ناوچەیان گواستۆتەوە.
تا ئێستا هۆکاری ئەم تەقینەوەیانە دیاری نەکراوە و ئەگەری ئەوە هەیە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان یان مووشەکی سوپای ئۆکرانیا یان کاری تێکدەرانەی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا ئەنجام درابن.
ڤیدیۆیەکی تری تەقینەوەکانی کۆگای تەقەمەنی میسکۆیە. بەپێی سەرچاوە ڕووسیەکان، لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیانەدا تەنیا دوو کەس بریندار بوون. هەروەها گواستنەوەی خەڵکی مەدەنی تا دووری پێنج کیلۆمەتر لەم کۆگایە بەردەوامە.
جگە لە تەقینەوەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆگای تەقەمەنی سوپای ڕووسیا لە گوندی میسکۆیە، تەقینەوەیەکی دیکەش لە بنکەی ئاسمانی گڤاردیسکۆیە لە باکووری شاری سیمفیرۆپۆل لە نیمچە دوورگەی کریما ڕوویدا. سەرچاوە ناوخۆییەکان لە گڤاردیسکۆیە باس لەوە دەکەن کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک ئەم بنکەیە کەوتووەتە خوارەوە. بۆیە ئەگەری زۆرە هێرشەکانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا ئەنجام درابن.
بەپێی سەرچاوە ڕووسیەکان، سوپای ڕووسیا ژمارەیەکی نادیاری فڕۆکەی سوخۆی ٢٧ (Su-27) و سوخۆی ٢٤ (Su-24M) و سوخۆی ٢٥ (Su-25SM)ی لەم بنکەیە جێگیر کردووە. لە ئەگەری سەرکەوتوو بوونی هێرشەکانی ئۆکرانیا، ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی ڕووسیا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
لێدوانەکان