هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو بۆ سەر پارێزگاکانی غەزنی و کونەر
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشیان کردۆتە سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی غەزنی و کونەری ئەفغانستان.
لە ٦ی ئابدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو بینای پارێزگاری چەکدارانی تاڵیبانی لە گوندی چوار دێوار لە شاری ئەندەر بۆردومان کرد. لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ئەم شوێنە بنکەی هاوبەشی سەربازانی بیانی و سەربازانی سوپای ئەفغانستان بووە و دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، بووە پارێزگاری شاری ئەندەر. بە تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ بەسەر ئەم هێڕشەدا، وردەکاریی زیانە گیانی و ماددییەکانی بڵاونەکراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، پاشنیوەڕۆی ١٠ی ئابدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی دیکەی نەناسراو چەند شوێنێکی لە گوندی دهۆز لە شاری وتەپور لە پارێزگای کونەر بۆردومان کردەوە. بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوە ناوخۆییەكان و بەپێی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئەو ناوچانە لە ساڵانی رابردوودا، ئەم گوندە شوێنی چالاكی و حەشاردانی ئەندامانی گروپی قاعیدە یان جوڵانەوەی تاڵیبانی پاكستانە و ئەگەری زۆرە کە ئەم هێرشە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدرا بێت.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هیچ لێدوان و وردەکارییەکیان لەم بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هێرشی ئەم دواییەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر شاری کابوڵ و تیرۆرکردنی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی گروپی ئەلقاعیدە، پێدەچێت ئەم هێرشانەش لەلایەن ئەمریکا و لە پاکستانەوە ئەنجام درا بێت.
لێدوانەکان