سەرکردەی داهاتووی قاعیدە کێ دەبێت؟
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ میراتگری داهاتووی سەرکردایەتی قاعیدە کە ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە سەکردەیی ئەم گروپە، هێزێکی چالاک و ڕاهێنراو و خاوەن ئەزموون لە کوشتنی سەربازانی ئەمریکی و بەریتانییە و خۆی بە “شمشێری دادپەروەری” ناودەبات.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیل — “سیف العدل”ی میسری، ئەفسەرێکی پێشووی سوپایە و یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری قاعیدە و لە کۆتایی هەشتاکاندا پەیوەندی بە گرووپی تیرۆریستی “مکتب الخدمه” کردووە.
ناوبراو دوای ماوەیەک چاوی بە ئوسامە بن لادن و زەواهیری دەکەوێت و زۆری ناخایەنێت کە پەیوەندی بە گروپێکی جیاوازەوە بە ناوی “جیهادی ئیسلامی میسر” دەکات. شتێکی تر کە لەبارەی ناوبراوەوە دەیزانین ئەوەیە کە سەیف ئەلعەدل کە تەمەنی نزیکەی ٦٠ ساڵە، یەکێکە لە گەنجترین سەرکردەکانی قاعیدە، کاتێک تەمەنی ٣٠ ساڵ بووە، شاهیدی ئۆپەراسیۆنی بلاک هۆک بووە لە مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ، لەو ماوەیەدا ١٩ سەربازی ئەمریکی کوژران و تەرمەکانیان لە شەقامەکاندا نمایشکرا.
لەدوای كوژرانی ئوسامە بن لادن لە ساڵی ٢٠١١، ئەلعەدل بووەتە یەكێک لە گرنگترین ستراتیژیستەكانی ناو قاعیدە.
بیل رۆجیۆ، یەکێک لە توێژەرانی دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسیەکان دەڵێت، ئەگەری هەیە ئەلعەدل کاندیدێکی سەرکردایەتی قاعیدە بێت کە ناوی ڕاستەقینەی “محەمەد سەڵاحەدین زیدان”ـە.
حەمزەی کوڕی ئوسامە بن لادن کە بڕیار بوو شوێنی باوکی بگرێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا کوژرا و لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەبو محەمەد ئەلمیسری یەکێک لە کەسە دیارەکانی ئەو گروپە، تیرۆرکرا.
هەواڵگری ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە ئەلعەدل لەبەر تەقینەوەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە ٧ی ئابی ١٩٩٨ لە دارەسەلام لە تانزانیا و نایرۆبی کینیا داواکراوە. لەم تەقینەوانەدا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا ٢٢٤ کەس کوژران کە ١٢ کەسیان ئەمریکی بوون.
هەروەها زیاتر لە ٤ هەزار و ٥٠٠ کەس بریندار بوون. پاداشتی ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ سەری ئەلعەدل دیاری کراوە.
لێدوانەکان