زانیاری_سەربازی: درۆنی سیخوڕیی شەڕکەری شاهێد ١٢٩

شەممە 30 ته‌مموز 2022 - 00:23
https://kurdish.iswnews.com/?p=15473

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهێد ١٢٩ یەکێکە لە پێشکەوتووترین فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران، کە لە ساڵی ٢٠١٣ بە فەرمی لەلایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە پەردەی لەسەر لادرا.

بە وتەی جەنەڕاڵ محەمەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، درۆنی “شاهێد ١٢٩” بە بەردەوامی فڕینی ٢٤ کاتژمێر و مەودای ١٧٠٠ کیلۆمەتر، دەتوانێت ئەرکەکانی خۆی لە شەڕکردن و سیخوڕیدا بە باشی ئەنجام بدات.

کۆنتڕۆڵ و ڕێنمایی ئەم درۆنە لە لایەن ناوەندەکانی کۆنترۆڵی زەمینی جێگیر یان گەڕۆکەوە ئەنجام دەدرێت. بەکارهێنانی ناوەندی کۆنترۆڵکردنی گەڕۆک کە دەتوانرێت لەسەر ترێلەر یان بارهەڵگر دابنرێت، مەودای بەسوود و کاریگەری شاهێد ١٢٩ زیاد دەکات. هەروەها وەشانێکی ئەم درۆنە سیستەمی کۆنتڕۆڵکردن لە ڕێگەی مانگی دەستکردی تێدایە.

درۆنی شاهێد ١٢٩ دەتوانێت چەندین جۆر لە بۆمب و مووشەکەکان بەکاربهێنێت کە بۆ بەکارهێنان لە درۆنەکان پەرەیان پێدراوە؛ بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بۆمب و مووشەکی سەدید بۆ شاهێد ١٢٩ بەکاردەهێنرێت. سەدید ناوی جۆرێک لە بۆمب و مووشەکی زیرەکی ئێرانیە کە لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە دیزاین و بەرهەم هێنراون و تا ئێستا چەندین جۆری پەرەیان پێدراوە.

درۆنی شاهێد ١٢٩ دەتوانێت هەشت بۆمب یان چوار مووشەکی زیرەک هەڵبگرێت. بە دانانی بۆمب و مووشەکی زیرەکی سەدید لەسەر ئەم درۆنانە، درۆنی شاهێد ١٢٩ دەتوانێت بە وردی زۆرەوە ئامانجەکانی بپێکێت.

درۆنی شاهێد ١٢٩ و بەکارهێنانی بۆمبی زیرەکی سەدید

ئەم درۆنە بە بزوێنەری تۆربۆپرۆپی Rotax914 کاردەکات و سەقفی فڕینی تا ٧٣٠٠ مەتر دەبێت. هەروەها شاهێد ١٢٩ توانای هەڵگرتنی هەشت بۆمب یان چوار مووشەکی زیرەکی هەیە.

درۆنی شاهێد ١٢٩ لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەکانیەوە لە شەڕەکانی سووریا و عێراقدا لە دژی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە و داعش بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنراوە و مێژوویەکی زۆر درەوشاوەی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی هەیە کە بە شێوەی پێویست باسی لێوە نەکراوە. شاهێد ١٢٩ تائێستا زیاتر لە ١٠٠٠ ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووانەی لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا وەشانێکی نوێی ئەم درۆنە نمایشکرا کە بە ڕواڵەت لە درۆنەکانی پێشووی شاهێد ١٢٩ جیاواز بوو. لەم جۆرەدا لە پێشەوەی درۆنەکە دەرکەوتنێکی کەوانەیی هەیە کە بەزۆری لە درۆنەکانی تردا وەک شوێنێک بۆ ئەنتێنەی مانگی دەستکرد بەکاردەهێنرێت. بۆیە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی سەردار حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، دەکرێ بڵێین ئەم درۆنە بە سیستمی کۆنتڕۆڵکردن لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە تەیار کراوە و ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەودا و توانای ئۆپەراسیۆنی درۆنی شاهێد ١٢٩ زیاد دەکات. هەڵبەتە له‌ كاتی ئاشکراکردنی ئه‌م جۆره‌ نوێیه‌دا، ئێران مانگی دەستکردی سه‌ربازی تایبەت بۆ بەکارهێنانی ئەم توانایە و کۆنتڕۆڵکردنی درۆنی شاهێد ١٢٩ نەبووە، کە پێدەچێت بەپێی ئەو پێشبینییانەی بۆ پیشەسازی فڕۆکەوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە داهاتوویەکی نێزیکدا کرابووە ئەم توانایە دیزاین و بەرهەم هێنراوە. ئەم توانایە هەروەها ڕێگە بە هاوپەیمانەکانی ئێران دەدات لە ئەگەری بەکارهێنانی ئەم مۆدێڵە تایبەتە، سوود لە تواناکانی کۆنتڕۆڵکردن لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە وەربگرن.

شایانی باسە لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ یەکەم درۆنی شاهێد ١٢٩ ناسراو بە درۆنی سیمۆرغ ڕادەستی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا.

تایبەتمەندیەکانی درۆنی شاهێد ١٢٩:
– مەودا: ١٧٠٠ کیلۆمەتر
– بەردەوامی فڕین: ٢٤ کاتژمێر
– بەرزی فڕین: ٢٤ هەزار پێ (٧٣٠٠ مەتر)
– خێرایی: ١٥٠ بۆ ٢٠٠ کیلۆمەتر/کاتژمێر
– درێژی: ٨ مەتر، درێژی باڵەکان: ١٦ مەتر
– چەک: توانای هەڵگرتنی ٨ بۆمب یان ٤ مووشەکی زیرەک
– توانای هەڵگرتنی چەک: ٤٠٠ کیلۆگرام
– ئەرک: شەڕکردن و سیخوڕی
– دیزاین و دروستکردن: ڕێکخراوی پیشەسازی فڕۆکەوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران – کۆمپانیای (HESA)ی ئێران

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *