لە فەرەنسا داوای دەستبەسەرکردنی محەممەد بن سەلمان دەکرێت
هاوکات لە گەڵ سەردانەکەی جێنشینی سعوودیە بۆ پاریس، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی فەرەنسا داوای دەستبەسەرکردنی ناوبراویان کردووە.
محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە بۆ یەکەم جار لە پاش تیرۆری دڕندانەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری ئەم وڵاتە، گەیشتە فەرەنسا و ئەمەش کاردانەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.
ڕێکخراوی ” ئێستا دیمۆکراسی بۆ جیهانی عەرەب ” ناسراو بە DAWN، ” دەستپێشخەری دادپەروەری کۆمەڵگای کراوە ” ناسراو بە OSJI و ڕێکخراوی ” دادگای نێودەوڵەتی ” سکاڵایەکی 42 لاپەڕەییان لە دژی محەممەد بن سەلمان داوەتە دادگای پاریس و ناوبراویان بە ئەشکەنجە، ڕفاندن و تیرۆری خاشقچی تۆمەتبار کردووە، ئەم تۆمەتانەش لە فەرەنسا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
لەو سکاڵایەدا هاتووە کە محەممەد بن سەلمان ناتوانێت پارێزبەندی یاسایی هەبێت لە بەر ئەوەی کە جێنشینە و سەرۆکی حکومەت نییە.
سارە لی ڤیتسن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی DAWN وتی کە بەرپرسانی فەرەنسا دەبێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکەی محەممەد بن سەلمان بۆ کوشتنی جەمال خاشقچی بکەن.
ناوبراو وتی کە فەرەنسا وەک ئەندامێک لە کۆنوانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئەشکەنجە و ڕفاندن، ئەوەی لە سەرە کە لێکۆڵینەوەکانی لەم بوارەدا دەست پێبکات.
جێمز گڵدستۆن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستپێشخەری دادپەروەری کۆمەڵگای کراوەش وتی کە ئیمانۆیل مەکرۆن بە هۆی چاوپێکەوتنی لە گەڵ جێنشینی سعوودیە هەوڵی ئاساییکردنەوەی تاوانەکانی کەسێکی وەحشی دەدات، لە کاتێکدا کە هێشتا نەیارانی سعوودیە لە گرتووخانەکاندان و لە وڵاتی خۆیان گەمارۆ دراون و موڵەتی چوونە دەرەوەیان پێنادرێت.
جام کوردی
لێدوانەکان