سەید حەسەن نەسروڵڵا: ئەمریکای ئێستا لاوازە و جیاوازیی لە گەڵ ئەمریکای 2003 و 2006 هەیە
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
سەید حەسەن نەسروڵڵا شەوی چوارشەممە 13 ی تەمموزی 2022 ڕایگەیاند کە لە گرنگترین دەسکەوتەکانی خۆڕاگری لە شەڕی 33 ڕۆژە، لەناوبردنی پلانی ئەمریکی ناسراو بە ” ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ” بوو کە لە پاش ڕووداوەکەی 11 ی سپتمبێر ئەمریکا وەک بیانوویەک بۆ داگیرکاری لە ئەفغانستان و عێراقی بەکاری هێنا و پاشان هەنگاوەکانی بۆ لەناوبردنی خۆڕاگری و پەراوێزخستنی ئێران و بەرزکردنەوەی پێگەی ڕژێمی زایۆنیستی دەستپێکرد بەڵام بەردەوامبوونی خۆڕاگری لە گۆڕەپانی ناوچەکە بە گشتی و شکستی ئامانجەکانی زایۆنیستەکان لە شەڕی 33 ڕۆژە گورزێکی کوشندەی لە پلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی ئەمریکا دا.
ناوبراو بە ئاماژە بە سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەکە، وتی: ئەمریکای ئەمڕۆ جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ ئەمریکای 2003 و 2006 هەیە، لە بەر ئەوەی کە سەرۆکەکەی وێنەیەکی ئەمریکای پیرمان پێ پیشان دەدات، بوونی ئەم وڵاتە لە گۆڕەپانی جیهانی کەمتر بووە و ئەمریکا کێشەی ئابوریی هەیە و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئەمنیشی باش نییە. سەرۆک کۆماری ئەمریکا هاتووەتە ناوچەکە تا ڕەزامەندی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بۆ هەناردەکردنی ڕێژەیەکی زیاتری نەوت و گاز بە دەست بێنێت.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: بایدن دەڵێت کە لە ئاگربەستی یەمەندا ڕۆڵی هەبووە بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ئەمریکایە کە هەوڵی دەسدرێژی زیاتر بۆ سەر وڵاتی یەمەن دەدات، سعوودیەش ئامرازێکی دەستی ئەمریکایە، گەمارۆکانی قەتەر وەبیربێنینەوە کە ئەمریکا لە شەوێکدا هەمووی هەڵوەشاندەوە، بایدن بە ئاسانی دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی یەمەن بێنێت و گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە هەڵبگرێت.
ناوبراو هەروەها سەبارەت بە هەر پیلانگێڕییەکی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە لوبنان هۆشداریی دا و وتی کە ئەوان دەبێت لە پەیامی ئەم دواییەی درۆنەکانی حزبوڵڵا تێبگەن و بزانن کە ئێمە بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانمان جیدین.
جام کوردی
لێدوانەکان