بەشار ئەسەد: هاوکێشەی ناوچەکە لە بەرژەوەندی ئێمەدا بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات
سەرۆک کۆماری سوریا لە چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە ئێران بەشێکە لە ڕێگاچارەی سیاسی لە ناوچەکە و وتی کە دۆخەکە بە ئاراستەی ئەوەدا دەڕوات کە هاوکێشەی ناوچەکە لە بەرژەوەندی ئێمەدا دەگۆڕێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وێڕای ستایشی هەوڵەکانی حکومەت و سەرۆک کۆماری سوریا لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە، وتی: نەیارە ئاشکراکانی یەکپارچەیی و سەروەری سوریا هەوڵ دەدەن دۆخی ئەم وڵاتە تێک بدەن.
ناوبراو ئیدانەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سەر سوریا کرد و بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوانەی بانگەشەی لایەنگریی لە مافی مرۆڤ دەکەن، بە پیشاندەری سیاسەتی دووفاقیی ئەوان ناو برد و وتی: نەبوونی ڕوبەڕوبونەوەی جیدیی پیلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پیشان دەدات کە بانگەشەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە سوریا درۆیە و ئەمەش وایکردووە کە ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر هەوڵی تێکدانی بارودۆخی سوریا بدات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە لە نیگەرانییەکان تێدەگەین بەڵام دژی ئەوەشین ڕێگاچارەی سەربازی بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەکار بێت، لەو بڕوایەداین کە کێشەکان دەبێت لە ڕێگای وتووێژ و هاوکارییەوە چارەسەر بکرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەدا سەرۆک کۆماری سوریا سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ دیمەشق بە پێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گرنگ ناو برد و وتی: دۆخێک لە ناوچەکە دەبینرێت کە هاوکێشەکە لە بەرژەوەندی ئێمەدا بەرەو گۆڕانکاری دەبات.
بەشار ئەسەد وڵاتانی ڕۆژئاوای بە هەوڵدان بۆ تێکدانی بارودۆخی سوریا، کێبڕکێ و وەرگرتنی ئیمتیاز لە لایەنەکانی دیکە تۆمەتبار کرد.
ناوبراو بە ئاماژە بە نیگەرانییەکان و مەترسییەکانی ئێستا لە ناوچەکە، وتی: هەندێک لەم پرسانە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە هاوبەشە و دەبێت لە ڕێگای سیاسی و وتووێژی هاوبەشەوە بەرەو چارەسەری ببرێت، خۆشحاڵین کە لە وەها هەلومەرجێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکە لە ڕێگاچارەی سیاسیی ناوچەکە.
سەرۆک کۆماری سوریا وتی کە ئێمە لە ڕێگاچارەیەک کە سوریا لە شەڕ دوور بکاتەوە، پێشوازی دەکەین.
بەشار ئەسەد پەیوەندییەکانی سوریا و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە پەیوەندییەکی هاوپەیمانی ستراتیژی ناو برد و وتی کە لە 40 ساڵی ڕابردوو بەردەوام گەشەی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتمان بینیوە.
ناوبراو فەڵەستینی بە بابەتێکی گرنگ و هاوبەشی نێوان سوریا و کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی: بە پێی گوشارەکانی دژ بە وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری، هاوپەیمانییەک پێکهێنراوە کە هاوپەیمانی ئیرادەکان لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانییە و ئەڵبەت وڵاتانێکی زۆر کەم لە جیهان خاوەن وەها ئیرادەیەکن.
جام کوردی
لێدوانەکان