گرنگترین هەواڵەکانی سەد و پێنجەمین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

پێنجشەممە 9 حوزه‌یران 2022 - 00:43
https://kurdish.iswnews.com/?p=13278

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە بەئامانج گرتنی هاویتزەرەکانی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە.

زێلینسکی: هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە قبوڵ ناکەین.
ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا لەگەڵ فاینانشیاڵ تایمز لە ٧ی حوزەیران وتی: کیێڤ چەقبەستوویی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا قبوڵ ناکات و ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەموو خاکە داگیرکراوەکانە. ئێمە زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە و ناتوانین بە سادەیی خاکەکەمان ڕادەست بکەین.
ڕووسیا لە رووی سەرباز و کەرەستەوە باڵادەستە و سوپای ئۆکرانیاش بۆ بەرپەرچدانەوەیان پێویستی بە چەکی قورس و هێرشبەرانەیە. من سوپاسی ئەو گەمارۆیانە دەکەم کە بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون، بەڵام وەک پێویست زیانی بۆ ڕووسیا نەبووە، چونکە ڕەهەندی تەواویان نییە. داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەم لە سزاکانی سەر نەوت و گازی ڕووسیا نەترسێت.
هەمووان زۆر باش دەزانن کە ئێمە ڕێگە نادەین کەشتییەکانی ڕووسیا بچنە ناو بەندەرەکانی ئۆکرانیا، چونکە ڕۆژانە هێرشمان دەکەنە سەر. هەر ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕووسیا لەم ڕووەوە مەحاڵە. ئێمە دەستپێشخەریمان کردووە بۆ دروستکردنی دەروازەیەکی دەریایی سەلامەت کە هەموو وڵاتان جگە لە ڕووسیا بتوانن بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا بەکاری بهێنن.

ڕووسیا یەکەم باری دانەوێڵەی باشووری ئۆکرانیای هەناردە کرد.
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا لە زاری نوێنەری ڕووسیا لە پارێزگای زاپۆرۆژیا بڵاویکردووەتەوە، ڕووسیا شەمەندەفەرێکی دانەوێڵەی لە ملیتۆپۆلەوە بۆ نیمچە دوورگەی کریمە ناردووە. ئەم شەمەندەفەرە یەکەم باری دانەوێڵەی فەرمیی ناوچەکانی باشووری ئۆکرانیایە کە بۆ هەناردەکردن رەوانەی کریمە دەکرێت.
پێشتر بەرپرسانی ئۆکرانیا رووسیایان بە دزینی ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمی ئۆکرانیا و هەناردەکردنی لە رێگەی بەندەرەکانی نیمچە دوورگەی کریماوە تۆمەتبار کردبوو. بەهای ئەم گەنمانە بە ١٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت و کڕیارە سەرەکییەکانیش وڵاتانی ئەفریقان.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی لەسەدا ٤٠ی پێداویستییەکانی گەنمی ئەفریقا لە ڕووسیا و ئۆکرانیا دێت.

ڕووسیا و تورکیا لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا ڕێککەوتن
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی بە بنیاتنەر وەسف کرد. هەروەها سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێشوازی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا کرد و ئامادەیی ڕووسیای بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لە بواری هەناردەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاڵوگۆڕانە بە دراوی نیشتمانیی هەردوو وڵات ئەنجام دەدرێت.
بە وتەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، هەردوولا تاوتوێی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی باکووری سووریاشیان کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکانی یەکلایی نەکراوەتەوە.
شایانی باسە کە پێش ئەم دانوستانە، تورکیا و ئۆکرانیا لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ئۆکرانیادان ڕێککەوت بوون. بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا دانەوێڵە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆکرانیا بە داشکاندنی ٢٥% لە بەندەری ئۆدێسا لە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای ئۆکرانیا دەکڕێت، و بە گرەنتی ئەمنی لەلایەن ڕووسیاوە هەناردەی دەکات.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و کێشە ئابوورییەکانی تورکیا دەتوانرێت هۆکاری سەرەکی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە لە پرسەکانی پەیوەست بە شەڕی ئۆکرانیا (لە دژایەتیکردنی ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناتۆ تا دەڵاڵی دانەوێڵەی ئۆکرانیا و ڕووسیا) دابنرێت.

ڕووسیا دەستی بە پرۆسەی لکاندنی پارێزگاکانی خێرسۆن و زاپۆرۆژیا کرد.
بە وتەی سێرگی کرینکۆ، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ڕووسیا، پێدانی پاسپۆرتی ڕووسیا بە دانیشتوانی شاری خێرسۆن دەستی پێکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دراوی خێرسۆن و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا ڕۆبلی ڕووسیایە و کاروباری خەڵکی ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی یاسای ڕووسیادا بەڕێوەدەچێت.
بە وتەی بەرپرسانی ڕووسیا، تا کۆتایی ئەمساڵ ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پارێزگاکانی لوهانسک، دۆنێتسک، خێرسۆن و زاپۆرۆژیا بۆ لکاندنیان بە فیدراسیۆنی ڕووسیا ئامادە دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ڕووسیا ڕووباری سیڤۆرسکی دۆنێتسکیان بڕیوە و گوندی تێتیانیۆکایان لە باشووری شاری سڤیاتۆهۆرسک کۆنتڕۆڵ کردووە.

دوای پاککردنەوەی مەتۆلکینە، هێزەکانی ڕووسیا ناوچەی ڤۆرۆنۆڤیان کۆنتڕۆڵ کرد. لە ئێستادا لە فڕۆکەخانەی سەڤەرۆدۆنێتسک پێکدادانێکی قورس لە ئارادایە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *