سەید حەسەن نەسروڵڵا: دەستدرێژی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا دەبێتە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە لە ناوچەکەدا

پێنجشەممە 26 ئایار 2022 - 15:04
https://kurdish.iswnews.com/?p=12628

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، سه‌ید حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان له‌ ساڵیادی ڕزگارکردنی لوبنان له‌ ڕژێمی زایۆنیستی و ڕۆژی خۆڕاگری وتارێکی پێشکه‌ش کرد.

سه‌ید حه‌سه‌ن له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، پیرۆزبایی له‌ ساڵیادی رزگاركردنی لوبنان كرد و گوتی: سوپاس بۆ خوا كه‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد. ئەم بەڵێنە لە ٢٥ی ئایاردا جێبەجێ کرا. ئەم ڕۆژە یەکێکە لە ڕۆژە ئیلاهییەکان و بەشێکە لەو ڕۆژانەی کە بەڵێنی خودای گەورە بۆ موجاهیدەکان هاتە دی. سوپاس بۆ خوای گەورە کە ئێمەی بەرەو بژاردەی خۆڕاگری برد. ئێمە نە چاوەڕێی رژێمێکی عەرەبی، نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە ئەنجوومەنی ئاسایشمان نەکرد.

نەسروڵڵا سوپاسی ئەو هێزانەی کرد کە بۆ رزگارکردنی لوبنان فیداکاریان کرد بەتایبەت شەهیدان و بنەماڵەکانیان و وتی: سوپاسی برینداران دەکەین بۆ ئەو کارانەی کە کردیان و ئەو زیندانیانەی کە ساڵانێک لە زیندانەکانی داگیرکەران بەسەریان برد. هه‌روه‌ها سوپاسی موجاهیدین ده‌كه‌ین كه‌ گه‌نجاتیان له‌ مەیدانەکانی جیهاد بەسەر برد و سوپاسی خه‌ڵكی خۆڕاگری لوبنان دەکەین. هه‌روه‌ها سوپاسی سوپای لوبنان ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی بۆ كرده‌وه‌كانیان له‌ ساڵانی کۆتایی سەدەی ٩٠دا، بۆ هاوسۆزییان له‌گه‌ڵ خۆڕاگری، هه‌روه‌ها سوپاسی سوپای سووریا و گروپه‌ خۆڕاگرییه‌كانی فه‌له‌ستین ده‌كه‌ین.

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان سوپاسی فەرماندەکانی خۆڕاگری کرد و وتی: سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاوکارییەکانی دەکەین. هاوكارییەکانیان لە هیچ كەسێک شاراوە نییە، بە تایبەت ئەو رۆڵەی شەهید حاج قاسم سولەیمانی گێڕاوە.

جەختیشیكردەوە: دەبێت لوبنانیەكان رووی راستەقینەی رژێمی زایۆنیستی بناسن. هەموو ئەو قوربانیانە دەبێت لەبیر بمێنێتەوە چونکە ئەم سەرکەوتنە بەخۆڕایی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو بە خوێن و فرمێسک و دەست و پەنجە لەسەر چەک و عەقڵ و دڵ و ئیرادە بەدەست هاتووە. دەبێت ئەوانە بناسێنرێن کە بەرەنگاری داگیرکەران بوون، هەروەها ئەوانەی پیلانگێڕییان لە دژی خەڵکی زێدی خۆیان کرد.

نەسروڵڵا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرکەوتنی ساڵی ٢٠٠٠ وێنەی ئەو سوپایە نەدۆڕاوەی شکاند، دوا بزماری بە تابوتی پلانی” ئیسرائیل”ی گەورە دا و جارێکی دیکە هیوای بە گەلی فەلەستین بەخشی بۆ ئازادکردنی خاکەکەیان.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان زیادی کرد: وتەی “ماڵی جاڵجاڵۆکە” برینێکی قوڵی لە مێشکی سەرانی ڕژێم و سوپاکانیان بەجێهێشتووە. ئاراستەی هێز لە ڕژێمی زایۆنیستی لە دوای شکستی ساڵی ٢٠٠٠ لە لوبنان ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەم رژێمە دانی پێدا ناوە.

ڕاشیگەیاند: تاکە خۆڕاگریەک کە سەرکەوتنی بەدەست هێنا و حوکمی نەکرد، خۆڕاگری لوبنان، بەتایبەتی حزبوڵڵای لوبنان بوو. ئێمە ئەمەمان نەویستووە چونکە خەباتمان بۆ دەسەڵات نەکرد، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی خاک و خەڵک و بۆ کەرامەتی نەتەوەیی خەباتمان کرد. کاتێک چووینە ناو حکومەتەوە بۆ پاراستن و پشتیوانی لە خۆڕاگری ئەم کارەمان کرد، کاتێک بووینە بەشێک لە حکومەت، بەدواداچوونمان بۆ کاروباری خەڵک کرد.

سەید حەسەن ئاماژه به بارودۆخی ناوچەکە وتی: له چەند رۆژی داهاتوودا رەنگە چەند رووداوێکی لە فەڵەستین ڕووبدات و ئەو رووداوانه رەنگە تەقینەوەیەکی گەورەی لێبکەوێتەوە. ئەمە ڕاستییە. ڕێپێوانی ئاڵای ئیسرائیلییەکان ئیستفزازییەکی گەورەیە و شاهیدی چەندین بانگەواز بۆ لەناوبردنی “قبه‌الصخره” بووین. خۆڕاگری فەلەستینەکان لەسەر وەڵامدانەوە کۆ دەنگیان هەیە و لەوانەیە ڕووداوەکان وەک تەقینەوەیەکی گەورە لەناو فەلەستین بێت.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان هۆشداریدا: هەر كارێك لە دژی مزگەوتی ئەقسا و قبه‌الصخره، تەقینەوەیەكی گەورە لە ناوچەكەی لێدەكەوێتەوە. دوژمن لە دۆخێکی مەترسیداردایە و لە ناوەوە ڕووبەڕووی دووبەرەکی توند بووتەوە.

نەسروڵڵا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: داواتان لێدەکەم ئاگاداری ئەو شتانە بن کە لە دەوروبەرمان ڕوودەدەن و بۆی ئامادەبن. لێکەوتەی مەترسیداری بۆ ناوچەکە دەبێت و بێگومان ئەمەش پەیوەستە بە گەمژەیی دوژمنەوە.

لە کۆتاییدا وتی: مانۆڕی سەربازی ئیسرائیل نزیکەی هەفتەیەکی دیکە کۆتایی دێت و هێشتا لە ئامادەباشی تەواوداین. سڵاو لە ئازیزان و برایانی موجاهیدینی خۆڕاگری لە سنوورەکان دەکەم بۆ سەبر و جیهادیان.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *