کوژرانی سێ فەرماندەی یەکەی بەدری تاڵیبان
لە ئەنجامی چەند ئۆپەراسیۆنێکی گروپەکانی دژبەری تاڵیبان لە پارێزگاکانی پەنجشیر و کاپیسا، چەند فەرماندەیەکی یەکەی بەدری تاڵیبان کوژران.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەحمەد مەسعود و تاڵیبان لە پەنجشیر و بەغلان، یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکانی یەکەی بەدری تاڵیبان بە ناوی “مەلا غاویر” لە ناوچەی کوهساری شاری پاریان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوەڵەکانی کوژرا.
لە لایەکی دیکەوە، لە ١٦ی ئایاردا، فەرماندەیەکی دیکەی مەیدانی تاڵیبان بە ناوی “بیلال بەدری” ناسراو بە “مەلا خەیبەر” لە بۆسەیەکی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود لە شارۆچکەی دەرێ لەگەڵ حەوت چەکداری دیکەی ژێر فەرماندەیی کوژرا.
لەم بارەیەوە، گرووپی بەرەی ئازادیگان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیرۆرکردنی “ڕومی فەدایی” یەکێک لە فەرماندەکانی یەکەی بەدری سەر بە تاڵیبان لە ناوچەی دەربافان ی شارۆچکەی حیسەی دووەم لە پارێزگەی کاپیسا راگەیاند.
بەم شێوەیە سێ فەرماندەی مەیدانی یەکەی بەدەری تاڵیبان (مەلا غاویر، مەلا خەیبەر و مەلا فەدایی) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن گروپە دژبەرەکانی تاڵیبان کوژراون. یەکەی بەدر لە هێزە تایبەت و مەشقپێکراوەکانی تاڵیبان پێکهاتووە و لەم دواییانەشدا ڕەوانەی پارێزگاکانی پەنجشیر و بەغلان و کاپیسا و پەروان کراون و لەوێش ڕۆڵێکی گرنگیان لە ململانێکاندا هەیە.
یەکەی بەدر، سوور، خۆکوژی و فیدایی ناوی هێزە تایبەتەکانی تاڵیبانن. ئەم یەکانە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هێزی ڕاهێنراویان هەیە و لەلایەن پشتونەکان یان کەسانی نزیک لە بەرپرسە باڵاکانی تاڵیبان فەرماندەیی دەکرێن.
لێدوانەکان