مۆسکۆ ئامادە دەبێت بۆ پێشوازیکردن لە ئیسماعیل هەنیە

هه‌ینی 20 ئایار 2022 - 23:48
https://kurdish.iswnews.com/?p=12317

لەگەڵ پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان مۆسکۆ و تەلئەبیب لەسەر شەڕی ئۆکرانیا، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە مۆسکۆ ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاند، هەنگاوەکانی پێویست گیراوەتە بەر بۆ دیاریکردنی کاتی دیداری ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستین، حەماس لە مۆسکۆ.

لەم دواییانەدا هەندێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە کە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە مانگی داهاتوو سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕووسیا کۆدەبێتەوە.

بۆگدانۆڤ لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئابووری نێودەوڵەتی «ڕووسیا – جیهانی ئیسلام» وتی: ناتوانم ئەمە پشتڕاست بکەمەوە. هیچ بەروارێکی دیاریکراو نییە. ئەم بابەتە کاتێک موسا ئەبو مەرزوق لێرە بوو، تاوتوێ کراوە.

نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا زیادی کرد: ئامادەین پێشوازی لە شاندی فەڵەستین بکەین، بەڵام هێشتا کاتی دیاری نەکراوە.

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تەلئەبیب و مۆسکۆ، شاندێکی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستین، حەماس، لەم دواییانەدا بۆ وتووێژی “گرنگ” لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا سەردانی مۆسکۆیان کرد بوو.

شاندەکە بە سەرۆکایەتی موسا ئەبو مەرزوق بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حەماس بووە و دوو ئەندامی باڵای بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستین بە ناوەکانی «فەتحی حەماد» و «حسام بەدران» یاوەری بوون.

ئەندامانی شاندی حەماس لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیداریان کرد.

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی ١٣ی تەلەڤیزیۆنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێزەکانی ڕووسیا لە هێرشی ئەم دواییەی تەلئەبیب بۆ سەر سووریا، مووشەکی پێشکەوتووی دژە فڕۆکەی ئێس ٣٠٠یان ئاراستەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کردووە. کەناڵی ١٣ ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەم جارە کە هێزەکانی ڕووسیا ئەو کارە بکەن.

بەڵام جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن سوپای ڕووسیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٣٠٠ لە دژی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە سووریا بەکاردەهێنێت، نادروستن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *