تورکیا و ئیسرائیل ئەلتەرناتیڤی نوێی وزەی ئەوروپا

یەکشەممە 8 ئایار 2022 - 17:44
https://kurdish.iswnews.com/?p=11599

هەڵگیرسانی جەنگ لە ئۆکرانیا لە ئەنجامی هێرشی سەربازی فیدراسیۆنی ڕووسیا کاریگەری لەسەر بازاڕی وزەی جیهان کردووە. گرنگترین ڕووداو لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز، سنوردارکردن و مەرجەکانی نوێی ڕووسیایە بۆ دابینکردنی وزەی یەکێتی ئەوروپا. ئەمەش وای لە یەکێتی ئەوروپا کردووە بۆ دابینکردنی ئەو وزەیە بیر لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕووسیا بکات.

لە هەمان کاتدا ئەوروپا بیر لەو وڵاتانە دەکاتەوە کە دەتوانن ئەم پێویستییە دابین بکەن. ستراتیژی ئەوروپا ئەوەیە کە پێداویستیەکانی خۆی لە چەند سەرچاوەیەکەوە دابین بکات بۆ ئەوەی پشت بە یەک سەرچاوەوە نەبەستێت و بە نەمانی یەکێکیان، بتوانێت پێداویستیەکانی خۆی لە سەرچاوەکانی ترەوە دابین بکات.

ئەوروپیەکان جگە لە بەردەوامی کڕینی نەوت و گاز لە دابینکەرە کۆنەکان، بەدوای دابینکەری نوێدا دەگەڕێن. لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هەواڵی هاوکاری تورکیا لەگەڵ ڕژێمی ئیسرائیل، سەرنجی بازاڕی وزەی خستۆتە سەر ئەو هەواڵەوە. کێڵگە گازییەکانی لێڤیاتان و تامار لە ئاوە داگیرکراوەکانی فەلەستین و هەروەها کێڵگە گاز و نەوتییەکانی کێشە لەسەری نێوان لوبنان، ئیسرائیل و قوبرس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە، سەرچاوەی نوێی دابینکردنی گازن بۆ ئەوروپا.

بلۆکە نەوتی و گازییەکانی لوبنان و ناوچە جێناکۆکەکان

تورکیا هیچ ناوچەیەکی لەو شوێنەدا نییە، بەڵام بەهۆی داگیرکردنی کۆماری باکوری قوبرس و پێکهێنانی حکومەتی دیفاکتۆ- تورک لە باکوری قوبرس، بە شێوەیەکی نایاسایی لە دۆزینەوەی کێڵگە نەوتی و گازییەکان بەردەوامە. هەواڵی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل لەو کێڵگانەدا و ئەو بۆریەی کە دەگاتە بەندەری جەیحانی تورکیا، خاڵێکی گرنگە بۆ ستراتیژی ئەوروپا.

بۆری گاز لە بەندەری جەیحان ی تورکیا بۆ کێڵگەی گازی فەلەستینی داگیرکراو

ئەم کێڵگانە نزیکترین خاڵ بۆ بەندەری جەیحان و ئەوروپایە. لەم شوێنەدا تورکیا بەرهەمەکانی باکو – تبلیس – جەیحان ی بۆ ئەوروپا دەگوازێتەوە. ئاسایشی ئەم کێڵگەیە بە هۆی توانای سەربازی ئیسرائیل و تورکیا و هەروەها بنکەی ناتۆ لە قوبرس زۆر زیاترە لە قەفقاز و لیبیا و هیچ هێزێکی دەریایی کاریگەر بۆ زیان گەیاندن بەو بۆریە نییە.

بنکەی هێزی دەریایی و ئاسمانی فیدراسیۆنی ڕوسیا لە بەندەری بانیاس و بنکەی ئاسمانیی لازقیەی سووریا کارایی پێویستییان بۆ زیان گەیاندن و نەهێشتنی بۆرییەکەیان نییە بەڵام بە مەترسییەکی شاراوە دادەنرێت.

کێشەکانی بەردەم ئەم کێڵگانە ناڕەزایەتی هەردوو حکومەتی لوبنان و قوبرس، بنکەکانی ئێران و ڕووسیا لە بەندەرەکانی سووریا و هەروەها هێزەکانی هاوپەیمانی ئێرانن لە لوبنان.

قوبرس بەهۆی سروشتی ئەورووپی و حکومەتی دیفاکتۆی باکوری قوبرسیش بەهۆی کاریگەریەکانی تورکیا، دژایەتی ئەوتۆیان لەم بوارەدا نابێت. ئەوان بە بەدەستهێنانی پشکی خۆیان بێدەنگ دەبن و کێشەی سەرەکی لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستە.

ناڕەزایەتی حکومەتی لوبنان بەهۆی ئامادەبوونی لایەنگرانی ئێران وەک لایەنە شیعەکان لە پێکهاتەی پەرلەمان و کابینەی حکومەتدا، حاڵەتێکی جددی و گرنگە کە لە ڕووی سیاسیەوە کارەکەی بۆ ئیسرائیل قورس دەکات. ئەوان ڕێگە بە تاکڕەوی ئیسرائیل، تورکیا و یەکێتی ئەوروپا نادەن و حکومەتی لوبنانیش بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی ئابووری، پێویستی بە سەرچاوەیەکی وەها هەیە. ئەمەش پشکی لایەنەکانی تر کەم دەکاتەوە. لەم حاڵەتەدا یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات بە پێکهێنانی کابینەی لوبنان لە گروپەکانی نزیک لە خۆی و دانوستان لەگەڵ ئێراندا بەرەو خۆی ڕابکێشێت.

سنوورە دەریاییە جێناکۆکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست / ناوچە تایبەتەکانی ئابووری دەریایی
بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *