تەقینەوەی تیرۆریستی لە مەزارشەریف و قۆندوز + وێنە

پێنجشەممە 21 نیسان 2022 - 16:28
https://kurdish.iswnews.com/?p=10718

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئاکامی چەند تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە شارەکانی مەزارشەریف، قۆندوز و خوگیانی زیاتر لە ٨١ کەس بوونە قوربانی.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەتی هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام لە شاری مەزارشەریف، چەند خولەکێک دوای بانگی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چوار تەقینەوە لە ناو مزگەوتی جامیع ی سێ‌دوکان (تایبەت بە شیعەکان) لە دەروازەی باکوری رەوزەشەریف ڕوویدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە ٤٠ کەس بە هۆی ئەم تەقینەوانە بوونەتە قوربانی کە بۆ نەخۆشخانەی ئەبوعەلی سینا گواستراونەتەوە. هەندێک لە سەرچاوەکان رایانگەیاندووە کە لەم هێرشەدا ٢٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٣٢ کەسیش برینداربوون.

هەر وەک جارەکانی پێشوو چەکدارانی تاڵیبان ڕێگری لە ڕووماڵ کردنی رووداوەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە دەکەن و وردەکاری هێرشەکە ڕوون نییە.

هاوکات لەگەڵ ئەم تەقینەوەیە، دوو تەقینەوەی دیکە لەسەر رێگای ئۆتۆمبێلێک لە نزیک فڕۆکەخانەی شاری قۆندوز و ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی تاڵیبان لە شارۆچکەی خوگیانی لە پارێزگای نەنگەرهار ڕوویدا. لە ئەنجامی تەقینەوەی قۆندوز چواری کەسی سڤیل گیانیان لەدەست داوە و ١٨ کەسی دیکەش برینداربوون و هەروەها لە تەقینەوەی خوگیانی، چوار ئەندامانی تاڵیبان کوژران و ئەندامێکی دیکەی ئەو گروپە برینداربوو.

گروپی تیرۆریستی داعش لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی تەقینەوەی مزگەوتی سێ دوکانی شاری مەزارشەریف لە ئەستۆ گرت. لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی هێرشە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری ئەفغانستان، ئەگەری ئەوە هەیە تەقینەوەکانی دیکەش لەلایەن داعش-ەوە ئەنجام درا بێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *