ئەنساروڵڵا بۆ سعوودی: ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەس نییە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە وەڵامی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوپەیمانی سعودیە لە یەمەن، ئەم هەنگاوەی بە ناتەواو ناو برد و لە بەردەوامی بەرەنگاربوونەوە تا نەهێشتنی تەواوی گەمارۆکانی ئەو هاوپەیمانییە لە دژی میللەتی یەمەن هەواڵی دایەوە.
محەمەد ئەلبەخیتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە وەڵامی ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە یەمەن رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە بەس نییە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا ئەلیۆم، ئەلبەخیتی ووتی: ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی سعودیە بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەو مانایە نییە کە بڕیاریانداوە کۆتایی بە گەمارۆکانی یەمەن بهێنن.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە توییتێکدا نووسی: گەمارۆدان کارێکی سەربازییە؛ چونکە بە زەبری چەک دەسەپێنرێت. ئەو ئازار و گرفتانەی کە یەمەنییەکان بە هۆی گەمارۆکانەوە دەبینن، لە خودی شەڕەکە سەختترە؛ بۆیە ئەمە مانای بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی یەمەنە بە مەبەستی نەهێشتنی گەمارۆکان.
ئەمە لەکاتێکدایە کە شەوی رابردوو هاوپەیمانی سعودیە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە یەمەن بە ئامانجی سەرکەوتنی دانوستانەکانی ڕیاز و دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئاشتی راگەیاند.
لێدوانەکان