عیمران خان بۆ ئەوروپا: مەگەر ئێمە کۆیلەی ئێوەین؟
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ئەوروپا لەلایەن عیمران خان و هەڵوێستی بێلایەنانەی پاکستان لەسەر جەنگی ئۆکرانیا، بزووتنەوە سیاسییەکانی نزیک لە ڕۆژئاوا لە پاکستان خۆپیشاندانێکی فراوانیان لە دژی حکومەت ئەنجامدا.
لە پێش دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢ی ئادار، وڵاتانی ئەوروپا بە ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز داوایان لە نوێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆر لەوانە پاکستان کرد، لە دژی ڕووسیا دەنگ بدەن.
لە دوای ئەو فشارانە، عیمران خان ئاماژە بە وڵاتانی ئەورووپا ووتی: «ئایا ئێمە کۆیلەی ئێوەین کە هەر داوایەک بکەن، ئێمە ئەنجامی بدەین؟ کاتێک هندستان یاسای کشمیری داگیرکراوی پێشێل کرد، ئایا هیچ کام لە ئێوە بازرگانی و پەیوەندیەکانتان لەگەڵ هیندستان بڕی؟
ئێمە پەیوەندی دۆستانەمان لەگەڵ ئەمریکا، ڕوسیا، چین و ئەوروپا هەیە، ئێمە ناچینە هیچ کوتلەیەک، چونکە پێگەی ئێمە لەسەر بنەمای بێلایەنییە و هەوڵدەدەین لەگەڵ هەموو وڵاتاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ کار بکەین.»
لەکۆتاییدا بڕیارەکە بە ١٤١ دەنگی ڕازی، ٥ ناڕازی و ٣٥ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا. نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێی ئەم بڕیارە داوای دروستکردنی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ هاوڵاتیانی سڤیل بۆ چوونە دەرەوەیان لە ئۆکرانیا و ئاسانکاریی لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و هەروەها کشانەوەی سوپای ڕووسیا لە ئۆکرانیا کردەوە.
بەڵام گرتنە بەری هەڵوێستی بێلایەنانە بۆ ئەو وڵاتانە وەک پاکستان بە بێ تێچوو نەبووە و حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانی نزیک لە ڕۆژئاوا لەو وڵاتەدا خۆپیشاندانی جەماوەریان لە دژی حکومەتی عیمران خان ئەنجام دا. خۆپیشاندەران حکومەتی عیمران خانیان بە لاواز و خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات تۆمەتبار و داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیان کردەوە.
بێگومان ئەم ڕێوشوێنانە بە گڵۆپی سەوزی ڕۆژئاواییەکان لە وڵاتانی بێلایەن و دژبەردا ئەنجام دەدرێن. ئەوان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تاکتیکی جۆراوجۆریان لەوانە کودەتا، شۆڕش، فشاری سیاسی و ئابووری بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکان بەکارهێناوە.
لێدوانەکان