دوایین هەواڵەکان لە شەڕی میحوەرەکانی باکور، ڕۆژهەڵات و باشوری ئۆکرانیا، ٣ی ئاداری ٢٠٢٢

پێنجشەممە 3 ئازار 2022 - 21:31
https://kurdish.iswnews.com/?p=7754

تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی مەیدانی ئۆکرانیا لەسەر نەخشە

میحوەری باشور و ڕۆژهەڵات:
شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە دەروازەکانی شاری خارکیڤ لە نێوان هێزەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە. زۆربەی پێگە سەربازییەکان و هەروەها بینا حکومییەکان کە هێزەکانی ئۆکرانیا لێ بوون لەلایەن فڕۆکە جەنگی و تۆپخانەکانی ڕووسیاوە بۆردومان کراون. هێڵەکانی ململانێ لە ناو و دەوروبەری شاری خارکیڤ نەگۆڕاوە.

شارۆچکەی باڵاکلیا لە باشوری شاری خارکیڤ، لەلایەن سوپای ڕوسیاوە دەستی بەسەردا گیرا. شارۆچکەی باڵاکلیا دەکەوێتە سەر ڕێگای خارکیڤ- دۆنێتسک. پچڕانی ئەم ڕێگای پەیوەندیە لەلایەن ڕوسیاوە، کاریگەرە لە گواستنەوە و ڕاگواستنی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

لە میحوەری باکوری لوهانسک، هێزەکانی لوهانسک (LPR) و سوپای ڕووسیا دەستیان بەسەر ژمارەیەک ناوچە و گوندەکانی باکوری پارێزگای لوهانسک دا گرت. لەگەڵ ئەم پێشڕەوییانە شاری گرنگی سڤەردۆنێتسک تا ڕادەیەکی زۆر گەمارۆ درا. پێشڕەویەکانی ئەم میحوەرە بە خاوی ئەنجام دەدرێت.
لە میحوەری دۆنێتسک شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەر و ناو شاری ماریوپۆڵ بەردەوامە و هێشتا شارەکە بە تەواوی لەلایەن ڕوسیاوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

لە پارێزگای زاپوریژیا، شاری ڤاسیلۆکا لە ناوچەکانی ناوەندی پارێزگاکە لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە دەستی بەسەردا گیرا.

لە پارێزگای میکۆلایڤ شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری شاری میکۆلایڤ بەردەوامە و چەند سەرچاوەیەک هەواڵی گەیشتنی هێزە زرێپۆشەکانی ڕوسیایان بۆ ئەو شارە داوە.

میحوەری باکوور:
بۆ دووەم ڕۆژی لەسەر یەک بارودۆخی سەربازی لە بەرەکانی باکوری ئۆکرانیا نەگۆڕاوە. پێکدادانی پچڕپچڕ لە دەوروبەری گوستۆمێل و لە ناوچەی بۆڕودیانکا لە نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕوسیادا بەردەوامە. وەک دیارە بارودۆخی ئێستا لە دەوروبەری کیێڤ وەک کارتێکی فشار و بۆ گەیشتنی دانوستانەکان بە ئەنجامێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو جێگیر دەبێت و زۆربەی هێرشەکانی ڕوسیاش وەک مووشەکی و لێدانی ورد بۆ سەر ژێرخانی شارەکە ئەنجام دەدرێت. جێبەجێکردنی داواکاری و مەرجەکانی ڕوسیا لەلایەن حکومەتی کیێڤەوە فاکتەری سەرەکین لە دیاریکردنی بەردەوامی یا ڕاگرتنی پێشڕەویی زەمینی لە کیێڤ و دەوروبەری.

بە شێوەی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی پێشڕەویەکان، لەئێستادا نزیکەی ٧٠٪ی پارێزگای خێرسۆن، ٥٠٪ی پارێزگای زاپوریژیا، ٢٠٪ی پارێزگای میکۆلایڤ، ٥٠٪ی پارێزگای دۆنێتسک و ٦٠٪ی پارێزگای لوهانسک لە باشوری ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی ڕوسیا و هاوپەیمانانی کۆنترۆڵ کراون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *