دوایین هەواڵەکان لە شەڕی میحوەرەکانی باکور، ڕۆژهەڵات و باشوری ئۆکرانیا، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢

سێشەممە 1 ئازار 2022 - 10:25
https://kurdish.iswnews.com/?p=7618

میحوەری باشوور:
ڕۆژی ٢٨ی شوبات هێزەکانی سوپای ڕوسیا گەیشتنە شاری گرنگی ئەنرەهۆدار. گرنگی شارەکە بەهۆی بوونی وێستگەیەکی ئەتۆمی لەم ناوچەیەیە کە بە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا دادەنرێت.
سوپای ڕووسیا بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەنرەهۆدار و وێستگەی ئەتۆمی دەکات، بەڵام حکومەتی ئۆکرانیا ئەو قسانەی ڕەتکردۆتەوە. تا ئێستا هیچ لایەنێک وێنەیەکی بۆ پشتگیریکردن لە بانگەشەکەیان بڵاونەکردۆتەوە.

لە ٢٨ی شوباتدا سوپای ڕووسیا توانی کۆنترۆڵی تەواوی شاری بێردیانسک بکاتەوە. ئامانجی داهاتوو لەم میحوەرەدا، پێشڕەوی کردن بەرەو شاری ماریوپۆڵ و گەیشتن بە هێزەکانی ڕوسیا و دۆنێتسکی لە دەوروبەری ماریوپۆڵە.

لەئێستادا تەنیا شاری ماریوپۆڵ لە کەناری دەریای ئەزۆڤ لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیا ماوەتەوە و دەست بەسەرداگرتنی شارەکە لەلایەن ڕوسیا و هێزەکانی دۆنێتسکەوە پەیوەندی ئۆکرانیا بە دەریای ئەزۆڤەوە دەبڕدرێت. لەم ڕۆژانەی دواییدا هێزەکانی دۆنێتسک توانیان بوو چەند ناوچەیەکی لە نێوان ڤۆلنۆخا و ماریوپۆڵ کۆنترۆڵ بکەنەوە. شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری شاری ماریوپۆڵ و بە درێژایی ڕێگای باکوور بەردەوامە.

باردۆخ لە میحوەری خێرسۆن و میکولیێڤ هیچ گۆڕانکاریەک بەسەردا نەهاتووە.

شەڕ و پێکدادانی بەرەی لوهانسک لە نێوان هێزەکانی لوهانسک و هێزەکانی ئۆکرانیا لە باکوری شاستیە و باشووری سڤەردۆنێتسک بەردەوامە. هەرچەندە هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی مەیدانی ئەم ناوچەیەدا بەدینەهاتووە.

میحوەری باکوور:
لە ٢٨ی شوبات هێزەکانی سوپای ڕووسیا بە پەڕینەوە لە برۆدیانکا گەیشتنە ماکاریێڤ. ئامانجی پێشڕەوی لەم میحوەرە بڕینی ڕێگای جاتۆمیر-کیێڤە. بەشێوەیەکی گشتی هیچ گۆڕانکارییەکی دیاریکراو لە نەخشەی مەیدانی ناوچەکە ڕووینەداوە و شەڕ و پێکدادانێکی ناوبەناو لە نێوان هێزەکانی هەردوولادا لە ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای شاری کیێڤ بەردەوامە.

ڕۆژی ٢٨ی شوبات خولی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا لە ناوچەی گۆمێل لە باشووری بیلاڕووسیا بەڕێوەچوو. گفتوگۆکان نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند. هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکانەوە لەبەردەستدا نییە، بەڵام پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا گفتوگۆی زیاتر لە نێوان لایەنەکاندا ئەنجام بدرێت.

هەواڵە گرنگەکانی دیکەی میحوەری باکوور بریتین لە هێرشێکی موشەکی ڕوسیا بۆ سەر ناوچەی برواری نزیک لە کیێڤ. ڕوسیا لەم هێرشەدا ناوەندی پەیوەندییەکانی ڕاداری سەربازی لە ناوچەی برواری، لە ٣٠ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی کیێڤ کردە ئامانج، وەک دەوترێت قایمقامی برواری لەو هێرشەدا بریندار بووە.

میحوەری ڕۆژهەڵات:
لە بەرەی ڕۆژهەڵات شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سوپای ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ناو و دەوروبەری شارەکانی خارکیڤ، سامی و ئۆختیرکا بەردەوامی هەیە. لە ئێستادا توندترین شەڕ و پێکدادان تایبەتە بە شاری خارکیڤەوە. هێزەکانی ئۆکرانیا لەو شارەدا بە باشی بەرگریان کردووە.
شاری خارکیڤ لە دوای کیێڤ، دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە و هێشتنەوەی شارەکە گرنگییەکی ستراتیژی بەرزی بۆ سوپای ئۆکرانیا هەیە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *