ئەمریکا: لەگەڵ گەلی ئەفغانستان دەمێنینەوە

پێنجشەممە 17 شوبات 2022 - 23:41
https://kurdish.iswnews.com/?p=6981

دوای ڕووخانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، ئەمریکا دەستی بەسەر بڕی ٧.١ ملیار دۆلار یەدەگی ئەفغانستان دا گرت. ئەم بابەتەش بە تەرخانکردنی نیوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ قوربانیانی ١١ی سپتەمبەر مشتومڕی زیاتری لێکەوتەوە.

لەگەڵ هەڵهاتنی ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆمار و ڕووخانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و دوای ئەوە گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەمریکا دەستی بەسەر ٧.١ ملیار دۆلار یەدەگی ئەفغانستان دا گرت. ئەمەش بووە هۆی داڕمانی بەهای دراوی ئەفغانی و دروستبوونی قەیرانێکی بژێوی و ئابووری لەو وڵاتەدا.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا ناڕەزایی توندی تاڵیبان، میدیا ناوخۆیی و بیانییەکان و هەروەها دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەفتەی رابردوو فەرمانی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە لە نێوان یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان و سندوقی قوربانیانی ١١ی سپتەمبەری دەرکرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە ڕایگەیاند کە ئەمریکا وەک جاران لەگەڵ گەلی ئەفغانستان دەمێنێتەوە.

ئەم بڕیارە کە دزینی ئاشکرای سەروەت و سامانی میللەتی ئەفغانستانە لەلایەن ئەمریکاوە، لەلایەن میدیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ڕەخنەی زۆری لێگیرا. ڕەخنەگرانی بڕیارەکە لەو باوەڕەدان کە ١١ی سپتەمبەر هێرشێکی تیرۆریستی بە سەرۆکایەتی ئەلقاعیدە بووە و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەش هاوڵاتی وڵاتانی عەرەبی (عەرەبستانی سعوودی) بوون. بۆیە ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە گەلی ئەفغانستانەوە نییە.

هەر وەک لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بابەتی ئەفغانستان هاتووە، هاوکارییە مرۆییەکان چارەسەر نییە بۆ کێشەکانی ئەفغانستان و ئەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری پێویستی بە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و هاوکاری وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە. بەڵام ئەم بابەتە بە بەتاڵانبردنی سەرچاوە داراییەکان و گەمارۆی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە و لە لایەکی دیکەشەوە حوکمی تاکلایەنەی تاڵیبان ڕوبەڕوی کێشە بووتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *