کڕینی چەک لە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی لەلایەن بەحرەینەوە
کۆمپانیایەکی سەر بە پیشەسازی فڕۆکەوانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە بەحرەین سیستەمی دژە درۆن و ڕاداری لە کۆمپانیاکە کڕیوە.
کۆمپانیای «BATS» سەر بە پیشەسازی فڕۆکەوانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەلجیکا، لە ڕێککەوتنێک بۆ فرۆشتنی ڕادار و سیستەمی دژە درۆن بە بەحرەین هەواڵی دایەوە.
کۆمپانیا زایۆنیستیەکە وتی: هێزەکانی بەرگری بەحرەین بۆ پاراستنی بنکەیەکی سەربازیان، BATSیان بۆ سیستەمی چاودێری هەڵبژاردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە تەکنەلۆجیای ڕاداری GR12 بە خاوەندارییەتی کۆمپانیای BATS، چارەسەری کێشەی بەحرەین دەکات. ئاژانسی «ئیسرائیل دیفێنس» لەمبارەیەوە بڵاویکردەوە کە گرێبەستەکە لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوو واژۆ کراوە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ سیستەمەکان ڕادەستی بەحرەین بکرێت.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە شانازی بە پشتیوانیکردن و باشترکردنی تواناکانی بەرگریی بەحرەین دەکات و ئەوەشی وتووە کە ئەم ڕێکەوتنە یەکەم گرێبەستی کۆمپانیاکەیە لە بەحرەین و کۆمپانیاکە هەوڵی هاوکاریەکی بەهێزتر و بۆ ماوەیەکی درێژتر لەگەڵ مەنامە دەدات.
ڕاپۆرتەکە دوای ئەوە دێت کە بێنی گانتز وەزیری جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی ٢ی ئەم مانگە لە گەشتێکی ڕانەگەیەندراودا گەیشتە مەنامەی پایتەختی بەحرەین. وەزیری جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی لە دیدارێکیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا بن حەسەن ئەلنەعیمی هاوتا بەحرەینییەکەی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ مەنامە واژۆکرد.
بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە کە بۆ یەکەمجار دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا واژۆکراوە، هەماهەنگی ئەمنی ستراتیژی نێوان بەحرەین و تەلئەبیب زیاتر دەبێت؛ بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی وردەکاری ڕێککەوتنەکە و بەندەکانی بڵاو نەکراوەتەوە.
وەزارەتی جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی هاوکاری زیاتر لە بواری پیشەسازی بەرگری، هەواڵگری و ڕاهێنان و هەروەها هەماهەنگییەکی بەهێز و ئاسایشی زیاتری هەردوولا و تەواوی ناوچەکە.
بێنی گانتز بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەمە ڕێککەوتنێکی مێژووییە و دەبێتە هۆی دەستپێکردنی ئاستێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. هەروەها ناوبراو ئەوەشی رایگەیاندووە کە ئەم رێکەوتنە تواناکانی هەر دوولا بۆ بەرەنگاربوونەوەی «هەڕەشە هاوبەشەکان» زیاتر دەکات.
رێکەوتنەکە لەکاتێکدا لە نێوان ئەم دوو لایەنە واژۆ دەکرێت کە وەزیری جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی لەگەڵ حەمەد بن عیسا پاشای بەحرەین و سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، شازادەی جێنشین کۆبووەوە.
بەحرەین و ئیمارات لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لە ڕێگەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە لە کۆشکی سپی بە فەرمی ڕێککەوتنێکی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەلئەبیب واژۆ کرد و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو ڕژێمە ئاشکرا کرد. هەرچەندە تەمەنی ڕێککەوتنەکەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی کەمتر لە دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی بەم دواییانە لە زاری بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی ئاشکرای کرد کە تەلئەبیب و ئەبوزەبی زیاتر لە دوو دەیەیە هاوکاری هەواڵگری و بەرگریان هەیە.
لێدوانەکان