زیادبوونی هێرشە تیرۆریستەکان لە دژی پێگەکانی سوپای پاکستان
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا حەوت سەربازی پاکستانی لە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر پێگەکانی سوپای پاکستان کوژراون.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕۆژی یەکشەممە ٦ی شوبات چەکدارانی نەناسراو بە پەڕینەوە لە سنوری ئەفغانستان هێرشیان کردە سەر پێگەکانی سوپای پاکستان لە ناوچەی “خرم”ی ویلایەتی “خیبرپختونخوا”ی پاکستان. دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ و پێکدادان و کوژرانی پێنج سەربازی پاکستانی، ئەو چەکدارانە بۆ ناو خاکی ئەفغانستان گەڕاونەتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی جێگیربوونی چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان (TTP) لە ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشەکە لەلایەن ئەو گروپەوە هەیە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی رابردوو ٧ی شوبات، لە تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەسەر رێگای ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پاکستان لە نزیک شاری کوەیتە لە پارێزگای بەلوچستان، دوو سەربازی پاکستانی کوژران.
لەم ڕۆژانەی دواییدا گرژییەکانی نێوان سوپای پاکستان و گروپە جوداخوازەکان لە ویلایەتی بەلوچستان لەوانە: بەرەی رزگاری بەلوچستان (BLF) و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە ڕووی لە زیادبوون کردووە.
پاکستان پێشتر بۆ لەناوبردنی گروپە تیرۆریستییەکانی چالاک لەو وڵاتەدا داوای هاوکاری لە تاڵیبانی ئەفغانستان کرد بوو. بەڵام بەرپرسانی تاڵیبان لەلایەکەوە رێگە خۆشکەر دەبن بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ تاڵیبانی پاکستان و لە لایەکی دیکەوە بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان بە پرسێکی ناوخۆیی پاکستان دەزانن و ئەوان لە ئەفغانستان داڵدە دەدەن.
لێدوانەکان