زانیاری_سەربازی: فڕۆکەی شەڕکەری Su-34
فڕۆکەی Sukhoi Su-34 ناسراو بە ناتۆ Fullback، فڕۆکەیەکی جەنگی دوو بزوێنەر و دوو سەرنشینە کە لە لایەن سۆڤیەت و ڕووسیاوە دروستکراوە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٠دا ئاشکرا کراوە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ڕوسیاوە بەکار دێت.
فڕۆکەی Su-34 سەرەڕای ئەوەی لەسەر فڕۆکەی Sukhoi Su-27 Flanker وەرگیراوە و شوێنی دوو سەرنشین لە تەنیشت یەکتری هەیە؛ بە هۆی ڕۆڵی جیاوازی لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی دیکەی لەو خانەوادەیەدا، نازناوی فلانکەری نییە.
فڕۆکەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە تاکتیکییەکانی زەمینی و دەریایی داڕێژراوە و توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بۆردومانکردن، هێرش و پشتیوانی ئاسمانی هەیە. فڕۆکەی ئاماژە پێکراو توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لە هەر کەش و هەوا و ناوچەیەکدا هەیە کە جەنگی ئەلکترۆنی تێدا بێت.
ئامانج لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی Su-34، جێگرتنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی پێشوو وەک Su-24 و Tu-22M3 لە هێزی ئاسمانی ڕوسیایە.
گەشەپێدانی Su-34
دیزاین و گەشەپێدانی فڕۆکەی Su-34 ماوەیەکی زۆری بردووە. بۆ یەکەم جار لە ناوەڕاستی ٨٠کانەوە سوخو، پلانێکی نوێی بۆ جێگرتنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی پێشوو وەک Su-24ی دەستپێکرد، کە دیزاینی فڕۆکەی Su-27 کە مانۆڕێکی بەرزی هەبوو، پەسەند کرا.
دیزاینی سەرەتایی سوخوی ٣٤ بە ناوی T10KM-2 ناسراو بوو. T10KM-2 ڤێرژنێکە کە لە Sukhoi Su-27K بۆ هێزی دەریایی دروستکراوە. دیزاینەکە لە یەکێتی سۆڤیەت بە T-10V ناسراو بوو، کە لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠کاندا لەگەڵ کەشتیە فڕۆکەهەڵگری سۆڤیەتی Ulyanovsk ناسێنرا.
لە ساڵی ١٩٩٠دا وێنەیەکی دیزاینکراوی سەرەتایی فڕۆکەکە لەسەر فڕۆکە بارهەڵگری تبلیسی بڵاوکرایەوە، کە بەرپرسانی ڕۆژئاوا بە هەڵە بە فڕۆکە Su-27KU زانی.
کەشتیە فڕۆکەهەڵگری تبلیسی: کەشتیە فڕۆکەهەڵگری ئەدمیراڵ کوزنتسۆڤ سەرەتا لەژێر ناوی Riga دەستی بە دروستکردنی کرا، و دواتر بە ناوی Leonid Brezhnev فڕێدرایە ناو ئاوەوە، و تاقیکردنەوە دەریاییەکانی خۆی بە ناوی Tbilisi (تبلیسی) ئەنجامدا و لە کۆتاییدا بە ناوی Admiral Kuznetsov بە کار هێنرا.
لە کۆتاییدا یەکەم فڕینی فڕۆکەی جەنگی سوخوی ٣٤ لە ١٣ی نیسانی ١٩٩٠ لەلایەن فڕۆکەوان Anatoliy Ivanov ئەنجامدرا.
ئەم وەشانە سەرێکی نوێی تێدا بەکار هاتبوو، بەڵام پێکهاتەی فڕۆکەکە بە گشتی هاوشێوەی Su-27UB بوو.
لە ساڵی ١٩٩٢، فڕۆکەی Su-27IB (دیزاینی سەرەتایی سوخوی ٣٤) لە پێشانگای MAKS Airshow بۆ ڕای گشتی نمایش کرا کە توانای وەرگرتنی سووتەمەنی لە II-78ی هەبوو. فڕۆکەکە له ١٣ی شوباتی ١٩٩٢دا له شاری ماچولیشی بیلاڕووس بەفەرمی ئاشکرا کرا. ساڵێک دواتر ئەم فڕۆکەیە لە پێشانگای MAKS Airshow نمایش کرایەوە.
یەکەم وەشانی ستانداردی بەرهەمهێنراو لە فڕۆکەی جەنگی سوخوی ٣٤ لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ دەستی بە فڕین کرد، کە خاوەن سیستەمی کۆنتڕۆڵی ئاگر و ڕاداری Leninets okb بوو. لەبەر ئەوەی ئەم وەشانە لەگەڵ نموونەکانی سەرەتای جیاواز بوو، جارێکی تر لە پێشانگای هەوایی پاریس لە ساڵی ١٩٩٥ بە ناوی Su-32FN نمایش کرا. ئەم وەشانە تایبەت بۆ بەکارهێنان لە کەنارەکانی ڕوسیا و بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی ئامانجە دەریاییەکان بەرهەمهێنرا بوو، کومپانیای سوخوی هەروەها دەستی بە بەرهەمهێنانی وەشانێکی تری بە ناو Su-32MF کرد، بەڵام بە هۆی کەمی بودجەوە بە تەواوی هەڵوەشایەوە.
سوپای ڕووسیا لە ئێستادا دوو وەشانی جیاوازی سوخوی ٣٤ی بەکار دەهێنێت، کە وەشانێکی تایبەت بە جەنگی ئەلکترۆنیە، و سوود لە L700 Tarantul ECM وەردەگرێت، و وەشانی دیکەش تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری، چاودێری و پشکنین.
وەشانی مۆدێڕنی سوخوی ٣٤ ناسراوە بە Su-34Mـه، کە خاوەن غیلافی ئامانجگری تیشکی سور، ڕاداری Kopyo-DL و کەرەستەی جەنگی ئۆتۆماتیکی ئەلکترۆنییە.
جیاوازی نێوان دیزاینەکانی Su-34 و Su-27KUB
فڕۆکەی جەنگی Su-27IB (دیزاینی سەرەتایی سوخو٣٤) و Su-27KUB کە وەشانی فێرکاری هێزی دەریاییە هیچ پەیوەندیەکی بە یەکترەوە نییە و هەریەکەیان دیزاینێکی جیایان هەیە، سەری پێشەوەی Su-27KUB بە تەواوی خڕە، بەڵام لە Su-34 (Su-27IB) وەک دەنووکی مراوی وایە.
داواکاری و ڕادەست کردنەوەکان
یەکەم ٨ فڕۆکە لە کارگەی Novosibirsk دروست کران و لە ساڵی ٢٠٠٤ ئامادە بوون. لە ساڵی ٢٠٠٦ وەزیری بەرگری ڕووسیا کڕینی پێنج فڕۆکەی جەنگی Su-34ی ڕاگەیاند. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨دا گرێبەستی کڕینی ٣٢ فڕۆکەی دیکە تا ساڵی ٢٠١٥ واژۆکرا.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا بڕیار وابوو، ٧٠ فڕۆکەی جەنگی سوخو٣٤ تا ساڵی ٢٠١٥ جێگای ٣٠٠ فڕۆکەی جەنگی سوخو٢٤ بگرنەوە کە دواتر بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە و سوخو٢٤ەکان نوێکرانەوە.
دیزاینی فڕۆکەی Su-34
فڕۆکەی جەنگی سوخو٣٤ لە کلک و نۆزلی بزوێنەر هاوشێوەی Su-27 و Su-30 و لە کاناردەکان هاوشێوەی Su-30MKIـە. بزوێنەری ئەو فڕۆکەیە لە جۆری توربۆفانی Saturn AL-3FM1ـه کە فڕۆکەی Su-27SM هەروەها سوود لەو جۆرە بزوێنەرە وەردەگرێت.
مەودای ئۆپەراسیۆنی ئەم فڕۆکەیە بە باکێکی سووتەمەنی ٤٠٠٠ کیلۆمەترە و توانای هەڵگرتنی ٨٠٠٠ کیلۆگرام چەک و تەقەمەنی هەیە.
هەروەها لەبەر هەبوونی شوێنی دوو فڕۆکەوان لە تەنیشت یەکتر بە ناوەکانی Duckling یا Duckbill ناسراوە.
لە کابینەی فڕۆکەکە، فڕۆکەوان لە لای چەپ و ئۆپەراتۆری چەک لەلای راستە. یەکێک لە سوودەکانی ئەم دیزاینە ئەوەیە کە پێویست ناکات بۆ هەر فڕۆکەوانێک کەرەستەی دووبارە بەکار بهێنرێت.
کارپێکەری فڕۆکەکە توانای وەستان و ڕۆیشتنیان لە ناو فڕۆکەکە هەیە. تەنانەت قەبارەی کابینەکە ئەوەندە گەورەیە کە فڕۆکەوان و کارپێکەرەکە توانای پاڵکەوتن و خەوتنیان هەیە. لە پشت کورسی کارپێکەرەکە تەوالێت و چێشتخانەیەکی بچووک دانراوە.
فڕۆکەوانەکان لە رێگەی پەیژەیەک کە لە ژێر فڕۆکە دانراوە، دەچنە ناو فڕۆکەوە. تەواوی کابینەی فڕۆکەکە هەروەها بە زرێپۆشی ١٧ م.م داپۆشراوە بۆ ئەوەی بەرگەی هەڕەشە جۆراوجۆرەکان بگرێت.
فڕۆکەی Su-34 سیستەمی Helmet Mounted Display System (HMDS)ی هەیە کە بە کڵاوەکەی فڕۆکەوانەکە و ئەو چاوەی لەسەری جێگیر کراوە، کۆنتڕۆڵی ئاڕاستەکردنی موشەکەکان دەکرێت.
ڕاداری ئەم فڕۆکەیە لە جۆری Leninets V-004ـیە کە توانای پشکنینی هەموو جۆرەکانی ئامانجی هەیە. مەودای پشکنینی ئەم ڕادارە ٢٠٠ تا ٢٥٠٠ کیلۆمەترە و توانای پشکنینی ١٠ ئامانجی هاوکاتی هەیە. جگە لە ڕادارێکی سەرەکی، ڕادارێکی دواوەش لە پشت ئەو فڕۆکەرانە بەکارهاتووە کە مەودای ١٢٠ کیلۆمەتری هەیە و موشەکی نزیکی فڕۆکەکە دەدۆزێتەوە و بە N-012 ناسراوە.
تایبەتمەندییەکانی فڕۆکەی شەڕکەری Su-34
درێژی: ٢٣.٣٤ مەتر
درێژی باڵ: ١٤.٧ مەتر
بەرزی: ٦.٠٩ مەتر
کێشی بەتاڵ: ٢٢٥٠٠ کیلۆگرام
بەرزترین کێشی کاتی هەستانەوە: ٤٥١٠٠ کیلۆگرام
بزوێنەر: ٢ بزوێنەری تۆربۆفان Saturn AL-31FM-1
خێرایی: ٢٢٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا
مەودای کارپێکردن: ١١٠٠ کیلۆمەتر
بەرزی فڕین: ١٧٠٠٠ مەتر
سەرنشین: ٢ کەس
دروستکراو: سۆڤیەت (ڕووسیا)
یەکەم فڕین: ١٣ی نیسانی ١٩٩٠
ساڵی بەرهەمهێنان: ٢٠٠٦ تا ئێستا
چەک و تەقەمەنی: ١٢ شوێنی ژێر باڵ و هەیکەل بۆ هەڵگرتنی تەقەمەنی تا ٨٠٠٠ کیلۆگرام
لێدوانەکان