ووردەکاری هەڵاتنی ٧٥٠ تیرۆریستی داعش بە هاوکاری ئەمریکا لە غوێران

شەممە 29 كانونی دووه‌م 2022 - 23:18
https://kurdish.iswnews.com/?p=6430

سەرچاوە تایبەتەکان بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا ئاژاوە و پێکدادانەکانی گرتووخانەی غوێرانی شاری حەسەکەیان قۆستۆتەوە و ٧٥٠ تیرۆریستی داعشیان لە گرتووخانەکە گواستووەتەوە.

سەرچاوەکان بە ئاژانسی هەواڵی سپوتنیک ـیان ڕاگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا ئاژاوە و پێکدادانەکانی گرتووخانەی غوێرانی شاری حەسەکەیان قۆستۆتەوە و ٧٥٠ تیرۆریستی داعشیان لەو گرتووخانەیە گواستووەتەوە.

لەم دواییانەدا تیرۆریستانی داعش بە تەقاندنەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم گرتووخانەی غوێران کە ژمارەیەکی زۆر داعشی تێدایە، هێرشیان کردە سەر گرتووخانەکە و سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە، کە هێزەکانی ئەمریکا هاوکاری هەڵاتنی ژمارەیەک لەو تیرۆریستانەیان کردووە.

سەرچاوە تایبەتەکان ڕایانگەیاندووە کە لە نێوان داعشە هەڵاتووەکان، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی ئەو گروپە هەن کە زۆربەیان بیانین.

بەپێی سەرچاوەکان ژمارەیەک لە سەرکردەکانی داعش لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هێرشی ئەو گروپە بۆ سەر گرتووخانەی غوێران بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەڵهاتوون و ئەمنیەتی ڕێگای تیرۆریستە هەڵاتووەکان بۆ بیابانی «ئەلبوکەمال» لە ڕۆژئاوای سنوری سوریا و عێراق و ڕۆژهەڵاتی بەرزاییەکانی «ئەلبۆشرا» لە باشوری دێرەزور (ڕۆژهەڵاتی سوریا) دابین کراوە.

ئەو سەرچاوانە جەختیان کردۆتەوە، فڕۆکەکانی پشکنینی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش (ئەمریکا) چاودێری ڕێگاکەیان کردووە و ئەمنیەتی تیرۆریستە هەڵاتووەکانیان دابین کردووە.

بە ووتەی سەرچاوەکان، گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆناغێکدا و بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و پاس ئەنجام دراوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە دروستکردنی ئاژاوە لە دەوروبەری گرتووخانەکە بەشداری ئەو پرۆسەیان کردووە.

هەندێک لە سەرچاوەکانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاشیانگەیاندووە، کە لە کاتی هێرشەکانی داعشدا، ئەو هێزانە لە سێ شوێنی دەوروبەری زیندانەکە بۆ دروستبوونی رێگایەک بۆ هەڵاتنی تیرۆریستانی داعش کشاونەتەوە؛ ئەو تیرۆریستانەی کە هاوپەیمانی ئەمریکا ئامانجەکەیان دیاری کرد بوو.

بەپێی سەرچاوەکان، تیرۆریستانی داعش خۆیان بەدەستەوە داوە، و دواتر لە ناوچەیەکی دەوروبەری شاری حەسەکە و لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە و بە چاودێری بەردەوامی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ بیابانی دێرەزور گواستراونەتەوە.

ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە هەندێک لەو داعشانە کە لە ڕیزی سەرکردە باڵاکانی ئەو گروپەن، لە نەتەوەکانی بەلجیکی، هۆڵەندی، عێراقی، تونسی، لیبیایی و مەغریبی بوون.

سەرچاوە تایبەتەکان بە ئاماژەدان بە ئامانجی شاراوەی ئەمریکا لە گواستنەوەی تیرۆریستان بۆ بیابانی دێرەزور ووتیان، ئەمریکییەکان بۆ دروستکردنی پاساوێک بۆ مانەوەیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە تاڵان بردنی نەوتی ئەو وڵاتە، بە نیازن داعش زیندوو بکەنەوە.

موسعەب ئەلحەلەبی، ئەندامی پەرلەمانی سوریا لەمبارەیەوە رایگەیاند بوو، کە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە هێرشەکەی داعش بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شارۆچکەی حەسەکە دەستی هەبووە.

ئەلحەلەبی دووپاتی کردەوە: هێرشکردنە سەر ئەو گرتووخانەی کە ئەندامانی داعش تێیدا جێگیر کراون، بە بەرنامە و پلانی هەواڵگری واشنتۆن و بە ئامانجی هێنانی پاساوێک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەنجامدرا.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی سوریا داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد، کە واز لە دڵسۆزی بۆ واشنتۆن بهێنن.

موسعەب ئەلحەلەبی ئەوەشی وت: ئەمریکا بە نیازی داڕشتنەوەی پلانێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشکردنی ناوچەکە و بە تایبەتی ناوچەی باکوری سوریایە.

پێشتر بەرپرسانی باڵای سوریا بە بەردەوامی ئاماژەیان بە پەیوەندی راستەوخۆی ئەمریکییەکان لەگەڵ داعش کردووە. هەر لەمبارەیەوە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا ووت بوو، داعش لەلایەن ئەمریکاوە دروست کراوە و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەبڕدرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *