هێرشی داعش بۆ سەر تاڵیبان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش بۆ سەر تاڵیبان لە پارێزگاکانی تەخار، نەنگەرهار و کۆنەر، ٩ کەسی سڤیل بوونە قوربانی.
ئەندامانی گروپی تیرۆریستی داعش لە چوار هێرشی جیاجیا و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پێگەکانی تاڵیبانیان لە پارێزگاکانی تەخار، نەنگەرهار و کۆنەر کردۆتە ئامانج. ئەم هێرشانە بووەتە هۆی گیانیان لە دەست دانی ٥ کەس و برینداربوونی ٤ی دیکە.
هەر لەمبارەیەوە ڕۆژی رابردوو، بە بۆمبێکی چێندراو ئۆتۆمبێلی “مەلا حیکمەت ئەڵڵا عادل” قائیمقامی قەزای کامە لە پارێزگای نەنگەرهار کراوەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا چوار پاسەوانی مەلا حیکمەت برینداربوون.
لە هێرشێکی دیکەدا تیرۆریستانی داعش فەرماندەیەکی تاڵیبانیان بە ناوی “مەولەوی گۆلبدەین” لە شاری تالیقان، ناوەندی پارێزگای تەخار تیرۆر کرد. ئەم هێرشە وەک دووەم هێرشی داعش لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە شاری تالیقان دادەنرێت. داعش لە یەکەم هێرشی دا ئەندامێکی تاڵیبانی لە گەڕەکی زەرگەری ئەو شارە تیرۆر کرد بوو.
داعش هەروەها بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە هێرشێکی ئەو گروپە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی تاڵیبان لە گوندی تەخت شا لە پارێزگای لوگەر هەواڵی دایەوە. لەم هێرشەدا دوو ئەندامی تاڵیبان کوژران و ئەندامێکی دیکەی ئەو گروپە بریندار بوو.
هێرشەکانی داعش لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لەکاتێکدا ڕووی لە زیادبوون کردووە کە تاڵیبان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین ئۆپەراسیۆنی بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو تیرۆریستانە ئەنجام داوە.
لێدوانەکان