هەڵهاتنی ٢٠ داعشی لە زیندانێکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە، کە شەوی پێنج شەممە لە دوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر زیندانێک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لانی کەم ٢٠ داعش لە زیندان هەڵهاتوون.
بە گوێرەی هەواڵی ئەلمەیادین، تیرۆریستانی داعش دوای تەقینەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم زیندانی ئەلسناعەی شاری حەسەکە، هێرشیان کردوەتە سەر زیندانەکە.
بە پێی راپۆرتەکە، لە دوای ئەو هێرشە ٢٠ تیرۆریستی داعش لە زیندانی ئەلسناعە کە لە کۆنترۆڵی چەکدارانی سەر بە ئەمریکایە، هەڵهاتوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە چەکدارانی کورد (قەسەدە) لە دەوروبەری زیندانی ئەلسناعە کە زیندانیانی داعشی تێدایە، بڵاوەیان پێ کراوە و دەنگی تەقینەوە لە ناو زیندانەکە دەبیسترێت.
هێزەکانی داگیرکەری ئەمەریکی بە هاوکاری هێزە کوردیەکانی سوریا ناسراو بە قەسەدە کۆنترۆڵی زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریایان کردووە، و لەم چەند مانگەی دواییدا هەزاران لۆری هەڵگری چەک، کەلوپەلی سەربازی و لۆجستی چوونەتە ناو ناوچە نەوتییەکانی سوریا.
لێدوانەکان