کوژرانی ئەسلەم فاروقی، درۆ یان ڕاستی!
ئاژانسەکانی هەواڵی تاڵیبان هەواڵی کوژرانی ئەسلەم فاروقی سەرکردەی پاکستانی لقی خۆراسانی داعشیان لەباکوری ئەفغانستان ڕاگەیاند.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەپێی میدیاکانی ناوخۆی ئەفغانستان “عەبدوڵڵا ئورکزی” ناسراو بە “ئەسلەم فاروقی” یەکێک لە فەرماندە سەرەکییەکانی گروپی تیرۆریستی داعش و بەرپرسی لقی خۆراسانی ئەو گروپە لە ١٧ی کانوونی دووەم لە پارێزگایەکی باکوری ئەفغانستان کوژراوە. سەرچاوەکان لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بە شوێنی پێکدادانەکە و چۆنیەتی کوژرانی فاروقی نەکردووە.
جێی تێبینیه که “عەبدوڵڵا ئورکزی” له مانگی نیسانی ٢٠٢٠ لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئاسایشی نیشتمانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان لەگەڵ ١٩ کەسی دیکە له شاری قەندەهار دەستگیر کرا بوو.
فاروقی پێشتر فەرماندەیی هێزەکانی داعشی لە پیشاوەر (پاکستان) و ناوچەی ئەچین لە پارێزگای نەنگەرهار لە ئەستۆ دا بوو. ناوبراو خەڵکی پاکستان و لە گوندی ئاخوندزادەگانە لە ناوچەی ئورکزی لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەیە.
دوای دەستگیرکردنی فاروقی لەلایەن حکومەتی پێشووی ئەفغانستانەوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ٩ی نیسانی ٢٠٢٠ داوای ڕادەستنەکەی کرد، بەڵام حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی بەو داواکارییە ڕازی نەبوو و فاروقی خستە ناو زیندانەوە.
لەگەڵ ڕووخانی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی و هاتنە سەر کارەکەی تاڵیبان، هەواڵی تەقەکردنی ئەسلەم فاروقی و شەش لە هاوەڵانی لە زیندانی پۆلچەرخی بڵاوکرایەوە کە دواتر ڕەتکرایەوە. هەروەها هەندێک هەواڵ باس لە هەڵهاتنی ناوبراویان لە پرۆسەی ئازادکردنی زیندانیان لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ ناوچەکانی باکوری ئەفغانستان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵی کوژرانی فاروقی هاوکات لەگەڵ سەردانێکی بەرپرسانی هەواڵگری پاکستان بۆ کابوڵ بووە.
هەندێک لە سەرچاوە خۆجێییەکان پێیان وایە فاروقی لە ڕێککەوتنێکدا لەلایەن تاڵیبانەوە ڕادەستی دەزگای هەواڵگری پاکستان کراوە و هەواڵی کوژرانی لە باکوری ئەفغانستان کۆتایی بە دۆسیەی سەرکردەی داعش دەهێنێتەوە.
گرنگیی ئەسلەم فاروقی بۆ ئیسلام ئاباد لەبەر ئەوەیە کە ناوبراو جگە لە چالاکییە بەرفراوانەکانی لە پاکستان، ئەندامی گروپی تیرۆریستی سوپای سەحابە و لەشکری جەهنگوی بووە.
تێبینی: وێنەی سەرەوە تایبەتە بە ڤیدیۆی دەستگیرکردنی ئەسلەم فاروقی کە پێدەچێت لە بنکەی “قەلای مەرگ”ی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی ئەفغانستان لە ناو شاری کابوڵ تۆمار کرا بێت.
لێدوانەکان